رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا نامەیەک بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی دەنێرێت و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە هێرش بکاتە سەر پێگەکانی سوپای پاسداران و هێزە نزیکەکانی لە سووریا.
رۆژی هەینی، 27ـی تشرینی یەکەمی 2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نامەیەکی بۆ مایک جۆنس، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی نارد و تێیدا باس لە "مەترسییەکان"ی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا دەکات.
بایدن دەڵێت، "ئەو هێرشانەی لە چەند رۆژی رابردوودا کراون، مەترسییەکی گەورەیان لەسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دروستکردووە".
بایدن لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، فەرمانی کردووە بەوەی هێزەکانی ئەمریکا هێرشی ئاسمانی بکەنە سەر چەند پێگەیەکی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە رۆژهەڵاتی سووریا.
ئەوە لە کاتێکدایە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رۆژی هەینی، 27-10-2023، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، رۆژی 26ـی ئەم مانگە هێرشیان کردووەتە سەر دوو کۆگەی چەک و تەقەنیی هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی نزیک لێی لە ناوچەی ئەبوکەمال لە سووریا.
دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەم، واشنتن پشتیوانیی خۆی بۆ ئیسرائیل راگەیاند. گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە بەرەی بەرخودانی ئیسلامی ناودەبەن، هەڕەشەیان کرد کە ئەگەر ئەمریکا پشتیوانیی ئیسرائیل بکات، بەرژەوەندییەکانی دەکەنە ئامانج.
رۆژی هەینی، 27ـی تشرینی یەکەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەو هێرشانە کرد کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە عێراق و سووریا کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و گوتی، لە 17 تاوەکو 27ـی تشرینی یەکەم، هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لانیکەم 14 جار لە عێراق هێرشیان کراوەتە سەر و لە سووریاش شەش جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و رۆکێت هێرشکراوەتە سەریان، واتە بەگشتی 20 هێرش کراون و زۆربەی هێرشەکانیش لە رێگەی سیستمی بەرگرییەوە شکستیان پێهێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ