رووداو دیجیتاڵ
وێڕای ئەوەی پێیوایە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر "لەژێر گوشاری راستەوخۆی ئەمریکادایە،" رووسیا "چالاکانە هەوڵی داوە گفتوگۆی نێوان دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتیی [خۆسەر] بەرەو پێش ببات،" ئەمەش بە گوتەی ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بۆ رووداو.
زاخارۆڤا رۆژی هەینی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد. لە وەڵامی پرسیارێکی نیاز مستەفا، ئیدیتۆری بەشی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە پەیوەندییەکانی رووسیا لەگەڵ حکومەتی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کرد.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی، "رووسیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا و حکومەتەکەی دەپارێزێت، کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە."
لەبارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش، کە بە سەرکردایەتیی ئەنجوومەنێکی زۆرینە کورد بەشێکی فراوانی رۆژئاوای کوردستان و بەشێکی باکووری سووریای لەژێر کۆنترۆڵدایە، گوتەبێژەکە بە رووداوی گوت، قەوارەکە "بە شێوەیەکی تاکلایەنانە لە سەروبەندی هێرشێکی تووندی تیرۆری نێودەوڵەتی بۆ سەر سووریا دامەزراندنی خۆی راگەیاند، ئەوەش کاتێک دیمەشق هەندێک ناوچەی لەدەستدابوو و سوورییەکان رووبەڕووی داگیرکاریی بیانی دەبوونەوە."
رووسیا پشتیوانی سەرەکیی حکومەتی سووریا بووە لە ململانێی 13 ساڵەی نێوخۆی ئەو وڵاتەدا کە لە کاردانەوەی خۆپێشاندانەکانی دژی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس و دەربەدەربوونی نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکە.
لە ساڵی 2015، هێزە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هێزە عەرەبە هاوپەیمانەکانیان هێزێکی یەکگرتوویان بە ناوی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ پاراستنی ناوچەکانیان پێکهێنا و چەند مانگێک دواتر، باڵی سیاسیی هێزەکەیان بە ناوی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) راگەیاند. لە سێیەم کۆنگرەی مەسەدەدا لە ساڵی 2018، کاتێک هەسەدە نزیکبوو لە کۆنترۆڵکردنەوەی دوایین پێگەکانی داعش، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وەک قەوارەیەکی جوگرافی و سیاسی راگەیێندرا.
زاخارۆڤا لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە لایەن حکومەتی فەرمییەوە دانی پێدا نەنراوە. وێڕای ئەوە، نوێنەرایەتییەکەمان چالاکانە هەوڵی داوە گفتوگۆی نێوان دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتیی [خۆسەر] بەرەو پێش ببات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە."
گوتەبێژەکە جەختیکردەوە کە مۆسکۆ پێیوایە "بەڕێوەبەرایەتیی [خۆسەر] لەژێر گوشاری راستەوخۆی ئەمریکادایە و هێزەکانی ئەمریکا لە تەواوی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتییەکە جێگیرکراون."
لە شەڕی دژی داعشدا هەسەدە هاوبەشی سەرەکیی ئەمریکا بووە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
ئێستا نزیکەی 900 سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و سووریا جێگیرکراون، کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی دژی سەرهەڵدانەوەی داعش کاردەکەن.
حکومەتی سووریا کە توانیویەتی بە پشتیوانیی رووسیا بەشی هەرە زۆری سووریا بخاتەوە ژێر رکێفی خۆی، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە قەوارەیەکی نایاسایی دەبینێت و پێیوایە لە لایەن ئەمریکاوە داگیرکراوە و داوا دەکات بگەڕێتەوە ژێر کۆنترۆڵی دیمەشق.
بەشێکی ئەو هێزانەشی کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دادەنێن و لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن، بە درێژایی ململانێیەکە لانیکەم سێجار لەگەڵ ئەنقەرە هێرشیانکردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانان و باکووری سووریا.
ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2015 بڕیارنامەی 2254ی دەرکرد کە داوای وەستاندنی جەنگ، نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا و هەڵبژاردن دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچی لێ سەوز نەبووە.
لەو چوارچێوەیەدا لیژنەیەکی هاوبەش لە حکومەت، ئۆپۆزیسیۆن و کۆمەڵگەی سڤیلی سووریا پێکهێنراوە بۆ ئەوەی رەشنووسی دەستووری نوێ ئامادە بکەن، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هیچ نوێنەرێکی تێدا نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ