بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: دامەزراوەی قەتەری و کوێتی لە گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین بەشدارن

12-06-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، بەشداریی مانگی سووری قەتەری و هەندێک دامەزراوەی کوێتی لە "گۆڕینی ناسنامە و دیمۆگرافیای عەفرین" سەرکۆنە دەکات و، وەک "کارێکی دەرەوەی ئەخلاق" پێناسەی دەکات و دەڵێت: "پێویستە دەستبەجێ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی دروست بکرێت و لێپرسینەوە لە تاوانباران بکرێت."
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان لە راگەیێندراوێکدا باس لە بەشداریی هەندێک دامودەزگەی وڵاتانی ناوچەکە لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر خەڵکی رەسەنی عەفرین و گۆڕینی ناسنامە و دیمۆگرافیای ئەو هەرێمەی رۆژئاوای کوردستان دەکات، بە تووندی سەرکۆنەیان دەکات.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت "لەنێو ئەو دامەزراوانەدا مانگی سووری قەتەر هەیە، کە بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە پاڵپشتی لە دانیشتوانی عەفرین دەکات. هەروەها دامەزراوەی کوێتیش هەن. ئەم کارە کارێکی دەرەوەی ئەخلاقییە و لە دەرەوەی سرووشتی مانگی سوور و پێوەرە دانپێدانراوەکانە. چونکە دامەزراوەیەکی مرۆییە و پەیوەندیی بە کاری هاوکارییەوە هەیە. دەوڵەتی قەتەر بەرپرسیارە لەم کارە، چونکە ئەوەی دەکرێت بەبێ رەزامەندیی فەرمیی حکومەت ناکرێت."
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا دەکات دەستبەجێ لیژنەی لێکۆڵینەوە دروست بکرێت و لێپرسینەوە لە تاوانباران بکرێت. هەروەها لایەنە نێودەوڵەتی و یاساییەکان دەرفەت بە دامودەزگاکانی پەیوەست بە یارمەتییە مرۆییەکان نەدەن بەشداری لە پرۆژە سیاسییەکاندا بکەن؛ وەک مانگی سووری قەتەر.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەروەها دەڵێت "عەفرین بەشێکە لە سووریا، ئەوەی لە عەفرین دەگوزەرێت هەڕەشەیە بۆ سەر جوگرافیای سووریا بە گشتی."
 
رەخنە لە بێ هەڵوێستیی حکومەتی ناوەندیی سووریاش دەگرێت و دەڵێت "بێدەنگیی حکومەتی دیمەشق، کە هەمیشە باس لە یەکگرتوویی خاکی سووریا دەکات، سەبارەت بەو شتانەی روودەدەن، جێگەی پرسیارە."
 
مانگی سووری قەتەری بەمدواییە رایگەیاندووە، بە هاوکاریی تورکیا 13 باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە باکووری سووریا و هەرێمی عەفرین بۆ ئاوارەکانی سووریا دروستکراون.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە