رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، سەرباری هاوکاریی رێکخراوە مرۆییەکان بۆ سووریا، ئابووریی وڵاتەکە خراپتر دەبێت و خەڵکی زیاتر ئاوارە دەبن؛ دەشڵێت، 7.2 ملیۆن کچ و ژن لەو وڵاتە پێویستیان بە هاوکارییە.
رۆژی دووشەممە 9ی ئایاری 2022 ئاژانسی سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە کار لەسەر تەندروستیی رەگەزی دەکات، راپۆرتێکی لەبارەی رەوشی مرۆیی لە سووریا بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، لە ئەمساڵدا 14.6 ملیۆن کەس پێویستییان بە هاوکاریی مرۆییە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2021دا 13.4 ملیۆن و لە ساڵی 2020دا 11.7 ملیۆن کەس پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەبووە.
ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، بەردەوام دەبن لە داکۆکیکردنی مافی کچان و ژنان، باسی لەوەش کردووە کە لە ساڵی 2021دا لە سووریا هاوکاریی 1.1 ملیۆن کەسیان کردووە و بۆ ئەمساڵیش بۆ هاکاریکردنی کچان و ژنان، پێویستییان بە 145.2 ملیۆن دۆلارە کە تاوەکو ئێستا لەو بڕە 40%ی بۆ دابینکراوە.
ئاژانسی سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیشی خستووەتەڕوو، لە ساڵی 2021 یارمەتیی 600 هەزار کچ و ژن دراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەزی.
لە مانگی ئاداردا، قەیرانی سووریا پێی نایە 12یەم ساڵیەوە و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە بەردەوامی هۆشداری لەبارەی دۆخی مرۆیی لەو وڵاتە دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ