نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 300 هەزار پەناخوازی سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان

08-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، زیاتر لە 300 پەناخوازی سووریایی گەراونەتەوە وڵاتەیان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە پلانیان داناوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
 
سیلین شمدیت، گوتەبێژی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە جنێڤ، سووریای بە "گەورەترین کارەساتی ئاوارەبوون لە جیهان" ناوبرد. 
 
گوتەبێژەکەی  (UNHCR) ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر لە نیوەی ئەو 300 هەزار پەناخوازە لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە سووریا. 
 
سەبارەت بەو کەسانەش کە لە سووریا ئاوارە بوون، سیلین گوتی، تاوەکو ئێستا 900 هەزار کەسیان گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان. 
 
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان راپرسییەکی لەنێو سووریاییە ئاوارەبووەکانی وڵاتەکە کردووە و دەڵێت، زیاتر لە ملیۆنێکیان پلانیان هەیە لە ساڵی داهاتوودا بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، گەورەترین ئاڵنگاری لە بەردەم نەگەڕانەوەی ئاوارەکان نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونە و ئەوە هۆکاری نەگەڕانەوەی 80٪ـی ئاوارە سووریاییەکانە.
 
بۆ ئەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ ئاوارە سووریاییەکان تەرخان بکرێت، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، پێویستییان بە زیاتر لە 170 ملیۆن دۆلارە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە