فڕۆکەیەک و 7 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری پارە گەیشتنە بانکی ناوەندیی سووریا

05-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میدیا عەرەبییەکان دەڵێن، فڕۆکەیەک و 7 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری پڕ لە پارە لە رووسیاوە گەیشتنە بانکی ناوەندیی سووریا.
 
بەگوێرەی میدیا عەرەبییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی ئایاری 2025، زیاتر لە 7 بارهەڵگری پڕ لە پارە گەیشتوونەتە بانکی ناوەندیی سووریا.
 
باس لەوە دەکرێت، فڕۆکەیەکی بارهەڵگریش کە پارەی سووریای بار کردووە، لە رووسیاوە گەیشتووەتە دیمەشق.
 
رۆژی 14ـی شوباتی ئەم ساڵ، نووسینگەی راگەیاندنی بانکی ناوەندیی سووریا بە ئاژانسی فەرمیی سووریا- سانای راگەیاند، "بڕێک پارە لە جۆری لیرەی سووری لە رووسیاوە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشقەوە گەیشتووەتە سووریا."
 
بەشار ئەسەد و خێزانەکەی بەوە تۆمەتبارن، کە بڕێکی زۆر پارەی سووریایان بردووەتە دەرەوە، بەتایبەتی بۆ رووسیا.
 
رۆژی 16ـی کانوونی یەکەمی 2024، رۆژنامەی فاینەنشەڵ تایمزی بەریتانی چەند تۆمارێکی نهێنیی بانکیی بەشار ئەسەد، سەرۆکی هەڵاتووی سووریای بڵاوکردەوە. رۆژنامەکە رایگەیاند، "بەشار ئەسەد لەنێوان ئاداری 2018 و ئەیلوولی 2019، دوو تۆن دراوی 100 دۆلاری و 500 یۆرۆیی، بە بەهای 250 ملیۆن دۆلار بە کاش بۆ فڕۆکەخانەی ڤنوکۆڤۆی رووسیا ناردووە."
 
پێش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لە 08-12-2024، ملیۆنێک لیرە بە 100 هەزار دیناری عێراقی بوو، دواتر چەند جارێک گۆڕانکاری بەسەر بەهاکەیدا هات و بە جۆرێک یەک ملیۆن لیرەی سووری گەیشتە 700 هەزار دینار، بەڵام دواتر بەرە بەرە نرخەکەی دابەزی و ئێستا بە نزیکەی 175 هەزار دینارە.
 
سەپاندنی سزای ئابووری لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا، کەرتی وزە و بانکی و دارایی سووریای ئیفلیج کرد، ئەوەش داڕمانی بەهای دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە کە بووە هۆکاری سەرهەڵدانی هەڵاوسانی سێ ژمارەیی لەو وڵاتەدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە