سووریا

هەندێک هاوکاریی مرۆیی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی. وێنە: ئەرشیڤ/ Burhan Ozbilici - ASSOCIATED PRESS
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
پرۆگرامی خۆراکی جیهانی رایدەگەیێنێت، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو کۆتایی بە هاوکارییەکانی بۆ سووریا دەهێنێت. ئەوەش لە کاتێکدایە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زیاتر لە 12 ملیۆن کەس لە سووریا دەستیان بە خۆراک ناگات.
پرۆگرامەکە لە راگەیێندراوێکدا هۆکاری کۆتاییهێنان بە هاوکارییەکانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە وەکو پێشتر پاڵپشتیی دارایی ناکرێن.
لە تەممووزی ئەمساڵدا پرۆگرامی خۆراکی جیهانی رایگەیاند، بەهۆی کەمیی بودجەوە هاوکارییەکانی بۆ 2.75 ملیۆن هاووڵاتیی سووریایی پچڕاندووە.
بەرپرسانی پرۆگرامەکە لە ئەیلوولی ئەمساڵدا رایانگەیاند، پێویستیان بە 134 ملیۆن دۆلارە بۆئەوەی بتوانن یارمەتیی ئەو 3.2 ملیۆن هاووڵاتییە بدەن کە لە سووریا رووبەڕووی برسێتی و بەدخۆراکی بوونەتەوە.
پرۆگرامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە 10 ساڵی رابردوودا بایی سێ ملیار دۆلار خۆراکیان گەیاندووەتە سووریا، 300 ملیۆن دۆلاریشیان وەکو کاش لە سووریا خەرجکردووە و بایی 800 ملیۆن دۆلاریش کاڵا و خزمەتگوزاریی دیکەیان گەیاندووەتە سووریا.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە چوار ملیۆن کەس لە باکووری رۆژئاوای سووریا، کە رۆژئاوای کوردستانیش دەگرێتەوە، پێویستیان بە ئاوی خواردنەوە، خۆراک و دەرمانە.
شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکردووە، لەو کاتەوە زیاتر لە 500 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە؛ شەڕەکە بووەتە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی ملیۆنان کەسی دیکە. بەگوێرەی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، پێنج ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیی سووریایی پەنابەر بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ