رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی خۆجێیی ئەنەکەسە لە ناحیەیەکی عەفرین رایگەیاند، زۆربەی ئاوارە عەرەبەکان گەڕاونەتەوە لە بەرامبەریشدا تەنیا چەند خێزانی کوردی ئاوارە لە حەلەبەوە گەڕاونەتەوە سەر ماڵەکانی خۆیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 05-03-2025، عیسمەت خەلیل، سەرۆکی خۆجێیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) لە ناحیەی بلبلی سەر بە قەزای عەفرین، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، پێشتر لە ناحیەکە 90 ماڵی عەرەب هەبوون، کە زۆربەیان گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان و ئێستا کەمتر لە 15 ماڵ ماون.
لە سنووری قەزای عەفرین، 6 ناحیە و 366 گوند هەن کە لەدوای داگیرکردنی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لە ساڵی 2018، زۆرینەی دانیشتووانەکەی ئاوارە بوون، عەرەب هێنرانە شوێنەکانیان.
عیسمەت خەلیل گوتی: ''ئەو خێزانە عەرەبانەی کە ئێستا لە ناحیەی بلبل ماون، خەڵکی ئیدلب، حەلەب و حومسن؛ ئەوانیش دوای تەواوبوونی خوێندنی منداڵەکانیان و بنیانتنانەوەی خانووە رووخاوەکانی خۆیان، ماڵی خەڵکی ئێمە چۆڵ دەکەن و دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان.''
بەگوتەی سەرۆکی خۆجێیی ئەنەکەسە لە بلبل، ئەو ماڵانەی کە لەلایەن عەرەبی هاوردەوە چۆڵکراون، زۆربەیان بە بەتاڵی ماونەتەوە و ''تاوەکو ئێستا تەنیا 12 ماڵی کورد گەڕاونەتەوە و ئێمە رۆژانە پەیوەندی بە خەڵکی خۆمانەوە دەکەین، کە بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان''.
لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی دیمەشقدا، گرووپە چەکدارەکان، کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات، هەردوو ناوچەی شەهبا و منبجیان کۆنترۆڵکرد کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو، ئەوە وایکرد خەڵکی ئەو دوو ناوچەیە کە زۆرینەیان هاونیشتمانیی عەفرین بوون، جارێکی دیکە بەشێکیان ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بنەوە و بەشێکیشیان گەڕانەوە عەفرین و دەوروبەری.
عیسمەت خەلیل گوتی: ''ئێستا خەڵکی ئێمە زیاتر لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوودی حەلەبن و لەوێوە دەگەڕێنەوە ناوچەکە''.
وەک سەرۆکی خۆجێیی ئەنەکەسە لە بلبل دەڵێت، رێگەی هاتووچۆی نێوان حەلەب و عەفرین بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان کراوەتەوە و هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم گەڕانەوەیاندا نییە، ''بەڵام رۆتینێکی بچووک بۆ ئەو کەسانە هەیە کە دەگەڕێنەوه؛ پێویستە بچنە ئاسایشی گشتیی (قەزا یان ناحیەکان) ناوی خۆیان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی بەڵگەیەکیان بۆ گەڕانەوە پێبدرێت.''
بەر لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 کە هێشتا حکومەتی بەشار ئەسەد نەڕووخابوو، ژمارەیەکی زۆر لە گرووپە چەکدارەکان عەفرینیان بەڕێوەدەبرد. عیسمەت خەلیل باس لەوە دەکات، '''ژمارەیەکی کەم لە گرووپە چەکدارەکان لە ناحیەی بلبل ماون کە دەستوەردان ناکەن و دەورێکی ئەوتۆیان لە ناوچەکەدا نییە، ئاسایشی گشتی (ئەمن عام) دەوری هەیە.''
گرووپە چەکدارەکانی نێو عەفرین نزیکن لە تورکیا. لەدوای گەڕانەوەی هاونیشتمانیانی ئاوارە بۆ شارەکە، ژمارەیەک کەس بە پاساوی هەبوونی پەیوەندییان بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەستگیرکران و بەشێکیان بە پێدانی پارە ئازاد کران. ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە لە بلبل جەختی لەوە کردەوە، ''ئێستا هیچ پێشلکاری و ئاستەنگییەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە نەماوە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ