دێرەزوور.. قەڵا سەختەكەی "جیهادی ئیسلامی" ئارام دەبێتەوە؟

05-03-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن دێرەزوور
A+ A-

رووداو - هەولێر

داعش لەڕووی جوگرافییەوە كۆتایی هات و ناوچەكانی رۆژهەڵاتی رووباری فورات و دێرەزووری لێ پاككرایەوە، ئیدی سەرنجەكان دەچنە سەر گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاسایش بۆ ناوچەكە، بەڵام بەرپرسانی سەربازی ئەمریكا، فەرماندەكانی هەسەدە، رۆژنامەنووسان و سەركردەی هۆزەكان بە راپۆرتێكی گۆڤاری دژەتیرۆری ئەمریكا (CTC)یان راگەیاندووە كە هێشتا مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە دێرەزوور لەئارادایە.

هەڵمەتی رزگاركردنی هەموو پارێزگای دێرەزوور لەژێر دەسەڵاتی داعش لە ئەیلوولی 2017 وە دەستیپێكردووە و هەتا ئێستاش لە باغۆز بەردەوامە. یەكێك لەو فاكتەرانەی قۆناغی پاش رزگاركردنی ئەو پارێزگایەی تەمومژاوی كردووە، ئەوەیە كە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) هێزێكی نادەوڵەتییە. دەبێ هەر ئەو هێزەش سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە بپارێزێ، لەكاتێكدا چارەنووسی هێزەكە خۆی روون نییە.

حەسەن حەسەن، ئامادەكاری راپۆرتەكە و شارەزای گروپە جیهادییەكان، دەڵێت یەكێك لەو فاكتەرانەی وایكردووە هەسەدە نەتوانێ بەو ئاسانییە پارێزگای دێرەزوور لە داعش پاكبكاتەوە، ئەوەیە كە هیچ كۆمەڵگایەكی رەسەنی كوردی لەو پارێزگایە نییە، جیا لەمە "توانای سنوورداری هەسەدە، لەڕووی هێزی مرۆیی، مەشق و راهێنان و زانیاری لەبارەی ناوچەكە رێگەی بە جیهادییەكان داوە دەرباز بن و تێكەڵ بە خەڵكی ناوچەكە ببن". بەهۆی ئەم فاكتەرانەشەوە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی ئەو پارێزگایە دوو هێندەی ئازادكردنی پارێزگای نەینەوا و چوار هێندەی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی رەققەی خایاند.

 رەوتی خاوی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی دێرەزوور دەرفەتی ئەوەی بە هێزەكانی رژێمی سووریاش داوە لە كۆتایی 2017 وە دیوی رۆژئاوای رووباری فورات بگرن، گەڕانەوەی ئەو هێزانەش رێگەی خۆشكردووە بۆ ئەوەی داعش و هەیئەی تەحریری شام (بەرەی نوسرەی جاران) ناڕەزایەتی خەڵك بقۆزنەوە و هێزەكانیان لەو ناوچەیە بنیات بنێنەوە.

ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی دێرەزوور لەلایەن هەسەدە لە 9ی ئەیلوولی 2017 دەستیپێكرد، لە ناوەڕاستی تشرینی دووەم هەمان گوند و ناوچەكانی نزیك رووباری خابووریان رزگار كردبوو، بۆیەش روویكردە ناوچەكانی نزیك رۆژهەڵاتی فورات. لە كۆتایی 2017 داعش كۆنتڕۆڵی دیوی رۆژئاوای رووباری فوراتی رادەستی هێزەكانی حكومەت كرد. چۆڵكردنی بەرەكانی رۆژئاوای فورات دەرفەتی ئەوەی بە داعش دا كە فۆكەسی شەڕی خۆی لەسەر دیوی رۆژهەڵاتی رووبارەكە و لەدژی هەسەدە چڕبكاتەوە.

قۆناغی كۆتایی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی هەجین لە ئەیلوولی 2018 دەستیپێكرد و لەناوەڕاستی كانوونی یەكەمی 2018 ئازادكردنی هەموو ناوچەكە لەلایەن هەسەدەوە راگەیەندرا. فەرماندەیەكی هەسەدە بە ئامادەكاری راپۆرتەكەی راگەیاندووە كە ئەوان چاوەڕێیان دەكرد هەجین مانگێك پێش ئەو وادەیە رزگار بكرابایە. هەجین لە ئەدەبیاتی سەربازیدا تەنیا شارۆچكەیەكە و ناوچەكانی دەوروبەری ناگرێتەوە، بەڵكو لە باشووری هەجینەوە هەتا نزیك ئەبوكەمال لەخۆدەگرێ.

تەحەدا جوگرافییەكانی پاراستنی دێرەزوور

راپۆرتەكەی دژەتیرۆری ئەمریكا جەخت دەكاتەوە لەوەی بەهۆی باری جوگرافیی پارێزگاكەوە، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری دێرەزوور كارێكی سەختە، پارێزگای دێرەزووریش بەسەر سێ بەشی جیاوازدا دابەش دەكات، یەكەمیان شاری دێرەزوور و شارۆچەكانی دەوروبەری هەتا دەگاتە فڕۆكەخانەی دێرەزوور لە دیوی باشووری شارەكە. بەشی دووەم ناوچە گوندییەكانی ئەو پارێزگایەیە كە بە گوێرەی راپۆرتەكە، رژێمی سووریا تەنانەت لە 2012ش كە هێشتا بەهێز بوو، نەیدەتوانی لەو ناوچە گوندییانە بەرگری لە بنكە سەربازییەكانی بكات.

بەشی سێیەم شارۆچەكەی ئەبوكەمال و دەوروبەریەتی لە باشووری رۆژهەڵاتی دێرەزوور كە زۆربەی جاران وەكو ناوچەیەكی سەربەخۆ لە بەشەكانی دیكەی پارێزگای دێرەزوور سەیر دەكرێ، تەنانەت داعشیش ئەو ناوچەیەی لەگەڵ قائیم لە عێراق خستبووە ناو ویلایەتی فورات، نەك ویلایەتی خەیر كە دێرەزووری لەخۆدەگرت.

حەسەن حەسەن پێیوایە سروشتی بیابانیی پارێزگاكە و سنووری درێژی ئەو پارێزگایە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی دژی گروپە تەكفیرییەكان لەو ناوچەیە یەكجار سەخت بێ، لە كاتێكدا نە رژێم كە لە دیوی باشووری ئەبو كەمالە و نە هەسەدەش ئەو هێزە گەورەیەیان نییە لە داهاتوودا ئەو ئەركەی پێ جێبەجێ بكەن.

بەپێی راپۆرتەكە سێ فاكتەر وادەكەن ناوچەی ئەبوكەمال بەتایبەتی بۆ دوژمنەكانی داعش ناوچەیەكی سەخت بێ، یەكەمیان رووبارەكەی سەر سنووری عێراق و سووریا، دووەمیان بیابانە بەربڵاوەكەی هەردوو دیوی سووریا و ئەنبار و دوایین فاكتەریش سنووریبوونی ناوچەكەیە. فەرماندەیەكی ئەمریكی بە ئامادەكاری راپۆرتەكەی راگەیاندووە، باشتر وابوو ئەو ناوچەیە لەلایەن ئەو هێزانەوە ئیدارە بكرێ كە هاوئاهەنگییەكی باش لە نێوانیاندا هەیە.

ئەو ناوچەیە لەلایەن هەسەدە بە پشتیوانی ئەمریكا و هێزەكانی ئەسەد بە پشتیوانی رووسیا و ئێران ئیدارە دەكرێ، راپۆرتەكەش پێیوایە ناكۆكی نێوان هەسەدە و هێزەكانی رژێم بۆشاییەكی ئەمنی و سەربازی بە داعش دەبەخشێ، بەتایبەتیش ئەگەر ئەمریكا ژمارەی هێزەكانی لە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدە كەمبكاتەوە. راپۆرتەكە پێیوایە قاعیدە و داعش مێژوویەكی درێژیان لەو ناوچەیە هەیە و تەنانەت لە 2007یش كە ئەمریكا و عێراق لەوپەڕی هێزی خۆیاندا بوون، نەیانتوانی چەكدارانی قاعیدە لەو ناوچەیە دەربكەن.

تەحەدا دیموگرافییەكان

راپۆرتەكە هۆشداری دەدات وەك چۆن تایبەتمەندییە جوگرافییەكەی ناوچەكە بەربەستی گەورە بۆ دوژمنانی داعش و دروستدەكات، بە هەمانشێوە رەوشی دیمۆگرافیی ناوچەكە دەرفەتی نوێ بە جیهادییەكان دەبەخشێ، لە كاتێكدا گوند و شارۆچكەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێم  لە دێرەزوور چۆڵن و خەڵك نایانەوێ بگەڕێنەوە، خەڵكی ئەو ناوچەیە پێش هەڵمەتەكەی حكومەت لەدژی داعش رایانكردبووە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.

ژمارەیەك سەرچاوە بە ئامادەكاری راپۆرتەكەیان راگەیاندووە هەرچەند خەڵك پێیانوایە هەسەدە هێندەی رژێم گەندەڵ و بێڕەحم نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داعش لەناو خەڵكی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لایەنگری هەیە و هەندێكیان لە ناو هەسەدەدا كاردەكەن. سەركردەی هۆزەكان گازندەی ئەوەیان هەیە كە هەسەدە داعشە سوورییەكانی ئازاد كردووە و هەندێكیانی لە پۆستە ئەمنییە نزمەكان داناوە، لەوانەش خاڵی پشكنین و هێزی جەولەی ناوچە تازەئازادكراوەكان. 

یەكێك لە سیناریۆكان لە داهاتوودا ئەوەیە هەسەدە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی لە دێرەزوور بۆ هێزكانی لایەنگری رژێم چۆڵ بكات. ئامادەكاری راپۆرتەكە پێیوایە ئەمە ئاوارەبوونی زیاتری خەڵكی ئەو ناوچەیەی لێدەكەوێتەوە، ئاوارەكانیش هەموو كات ئامانجێكی گەورەی ئەندام كۆكردنەوەی داعش و قاعیدە بوون، پێشبینیش دەكات وەك چۆن دۆخی كەركووك دوای 16ی ئۆكتۆبەر و دەرچوونی پێشمەرگە تێكچوو، ئاوا دۆخی ئەو ناوچانەش تێكبچن، ئەگەر هەسەدە رادەستی رژێمیان بكات.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە