شاندێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی دێرەزوور لەگەڵ هەسەدە کۆبووەوە

04-09-2023
سینا سۆما
نیشانەکردن دێرەزوور
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ کۆبوونەوەکە لەبارەی بارودۆخی دێرەزوور و دەستتێوەردانە دەرەکییەکان بووە.
 
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لەگەڵ ئیتیان گۆڵدریچ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و فەرماندە لیوا جۆیڵ فۆیل بەمەبەستی گفتۆگۆکردن لەبارەی بارۆدۆخی دێرەزوور و دەستتێوەردانە دەرەکییەکان کۆبوونەتەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیێندراوەکەی رۆژی یەکشەممە (3-9-2023)ـی هەسەدە، فەرماندەیی هەسەدە و ریشسپییەکانی ناوچەکە کە رۆڵێکی ئەرێنیان هەبووە، ئامادە بوون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەسەدە و هۆزەکانی ناوچەکە لەبارەی دابینکردن و بەهێزکردنی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە یەکڕیز و یەکهەڵوێست بوون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها هاتووە "هێزەکانی هەسەدە شارۆچکەی ئەلبسێرە و بەشێکی زۆری شارۆچکەی ئەلشحێلیان کۆنترۆڵکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە شارۆچکەی زووبیان ئۆپەراسیۆنەکە یەکلایی ببێتەوە."
 
هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئیبراهیم ئەلحفل لەلایەن هێزەکانیانەوە داواکراوە، لەبەرئەوەی بووەتە هۆکاری رشتنی خوێنی شەڕڤانەکانیان و ئاوارەکردنی هاووڵاتییانی سڤیل، لەنێوبردنی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و نانەوەی فیتنە و دووبەرەکی لەسەر داواکاریی لایەنە دەرەکییەکان.
 
لە رۆژی 27-8-2023ـوە و دوای دەستگیرکردنی ئەبوو خەولە، فەرماندەی پێشووی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور، بارۆدۆخی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئەو پارێزگایە کە لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەیە، ناجێگیرە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە