رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشقی سووریا، راوێژکارێکی سوپای پاسداران کوژرا، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، لە هێرشەکەدا سێ کەس کوژراون.
وەکو ئەو ئاژانسە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 02-01-2024، بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر باشووری شاری دیمەشق لە سووریا، راوێژکارێکی سوپای پاسداران بە ناوی سەعید عەلیدادی کوژراوە.
میدیاکانی ئێرانی لەبارەی پلەی سەربازیی سەعید عەلیدادییەوە هیچ زانیارییەکیان نەخستووەتەڕوو و تەنیا وشەی ''راوێژکار''ـیان بۆ بەکارهێناوە.
هاوکات، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە رێکخراوێکی تایبەتە بە تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، رایگەیاند، ''بەهۆی هێرشەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینیی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگایەکی حیزبوڵڵای لوبنان لە نزیک قوتابخانەی مهەنییە لەسەر رێگەی عەقربا- سەیدە زەینەب لە باشووری دیمەشق و ناوچەی غزلانییە لەسەر رێگەی فڕۆکەخانەی دیمەشق، سێ کەس کوژراون، لوبنانی و عێراقییەکیان تێدایە و سێیەمیشیان نادیارە.''
ئەو هێرشە لەکاتێکدایە، کە رۆژی دووشەممە، 25ـی کانوونی یەکەم، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کوژرانی سەید رەزی مووسەوی، فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ناوچەی زەینەبییەی دیمەشق لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج.
هەر لە مانگی رابردوودا، دوو فەرماندەی دیکەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بە ناوەکانی حاج سادق ئومیدزادە (ناسراوە بە حوجەتوڵڵا ئومێدەوار)، جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ کاروباری ئەمنی، لەگەڵ جێگرەکەی بە ناوی حاجی غوڵام موحەڕەم (ناسراو بە عەلی ئاغازادە) و لانیکەم دوو ئەندامی دیکەی سوپای پاسداران لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژران.
تائێستا ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی لەم هێرشانە رانەگەیاندووە.
شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـوە دەستیپێکردووە، لە کەرتی غەززە زیاتر لە 27 هەزار کەس و لە ئیسرائیل زیاتر لە 1200 سڤیل کوژراون.
بەهۆی هێرشەکانەوە، ئیسرائیل رووبەڕووی چەند بەرەیەکی دیکەی جەنگ بووەتەوە کە بریتین لە هێرشەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان، "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، میلیشیاکانی ئێران لە سووریا، حوسییەکان لە یەمەن، حەماسیش لە کەرتی غەززە.
کوژرانی سەعید عەلیدادی لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، کە دوێنێ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، سوپای پاسداران لە دوای زنجیرە هێرشەکانی ئیسرائیل، زۆربەی راوێژکار و فەرماندە سەربازییەکانی لە سووریا کشاندووەتەوە و ئێستا زیاتر بە پشتبەستن بە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە خۆی، هەوڵی پاراستنی پێگەکەی لە سووریا دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ