بەرزبوونەوەی رێژەی خوێ لە ئاوی بەسرە ئاستێکی مەترسیدار تۆماردەکات

01-09-2018
دیار کوردە @diyarkurda
زیاتر لە 17000 کەس تووشی سکچوون بوون
زیاتر لە 17000 کەس تووشی سکچوون بوون
نیشانەکردن بەسرە
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەرزبوونەوەی رێژەی خوێ لە ئاوی بەسرە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و  تائێستا 17 هەزار کەس بەهۆیەوە تووشی سکچوون بوون جگە لەوەی ماسییەکی زۆر مردوون و سەرئاو کەوتوون.

بەشێوەیەکی ئاسایی رێژەی خوێ لەنێو ئاو بۆ هەر میلیگرامێک پێویستە لە نێوان 1 بۆ 1.5 بێت، بەڵام ئێستا رێژەی خوێ لە ئاوی بەسرە گەیشتووەتە 11 میلیگرام.

لە یەکێک لە دەریاچەکانی پارێزگەی بەسرە لە باشووری عێراق بەهۆی بەرزی رێژەی خوێ ماسییەکی زۆر مردوون و سەرئاو کەوتوون.

کازم غیلانی، ئەندازیاری کشتوکاڵی لە بەسرە دەڵێ "لەسەرەتای قەیرانەکەدا، هەفتەیەک دوو هەفتە بەر لە ئێستا، رێژەی خوێ لەنێوان 4 بۆ 8 تاوەکو 10 دەبوو، بەڵام ئێستا لەمە زیاتر بووە. بۆیە دەتوانین تێبینی بکەین لە باکووری بەسرە رێژەی سوێرییەکە زۆر زیادبووە و گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار".

بەرزبوونەوەی رێژەی خوێ لەنێو ئاوی بەسرە وایکردووە، خەڵکێکی زۆر لەم پارێزگایە تووشی سکچوون و رشانەوە ببن.

نەخۆشخانەکان پڕبوون لەو کەسانەی بەهۆی ئاوی سوێرەوە ژەهراوی بوون. بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەکانی بەسرەش لە 12ـی ئابەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 17 هەزار کەس بەهۆی پیسی و سوێری ئاو تووشی سکچوون بوون.

یونس سەلیم، دانیشتووی بەسرە دەڵێ "پێیان گوتین ئاوەکە فلتەر کراوە، بەڵام نەک فلتەر نەکرابوو، بەڵکو سوێراوێکی تەواو بوو، بۆیە کە خواردمەوە و ژەهراوی بووم. بە خراپی رشامەوە و سکم ئازارێکی زۆری هەیە".

دانیشتووانی بەسرە ماوەیەکی زۆرە بەدەست بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاری دەناڵێنن، بەرزبوونەوەی رێژەی خوێ لە نێو ئاوی ناوچەکە و پیسبوونی ئاو، خەڵکی ئەم شارەی رووبەڕووی گرفتێکی گەورەتر کردووەتەوە، بەسرەییەکان دەڵێن، پێویستە حکومەت بەهەر رێگەیەک بێت، کێشەی ئاویان بۆ چارەسەربکات و لەم دۆخە رزگاریان بکات.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە