جەمال کۆچەر: هیچ بەربەستێک بۆ ناردنی 700 ملیارەکە نییە

30-10-2023
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
جەمال کۆچەر میوانی ناسر عەلییە
جەمال کۆچەر میوانی ناسر عەلییە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پێویستە 700 ملیار دینارەکە ئەمڕۆ یان سبەی بگاتە هەرێمی کوردستان، "ئەگەر تاوەکو سبەی 700 ملیارەکە نەگات، بە دواکەوتن هەژمار دەکرێت."
 
جەمال کۆچەر، ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ناردنی 700 ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان، دەڵێت، "هیچ کێشەیەک نییە." لەبارەی چوونی شاندی هەرێمی کوردستانیش بۆ بەغدا دەڵێت، "هەندێک بابەت دەچنە بەغدا کە لەنێوان هەردوولادا ماون."
 
بە گوتەی جەمال کۆچەر، لەکاتی دەنگدان لەسەر 700 ملیار دینارەکە، "وەزیری دارای عێراق دژ بووە."
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە رۆژی 30-10-2023 لە بەرنامەی نووڕۆژ پەخشکرا، جەمال کۆچەر ئاشکرای دەکات "هەرێمی کوردستان نەرمیی نواندووە بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بەغدا". دەشڵێت "بڕوای تەواوم بەوە هەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی تەواوی لەبەردەستە بۆ دابەشکردنی مووچەکانی دیکە، بەڵام نازانم بۆچی دابەشی ناکات و ئەگەر چاوەڕێی بەغداش بکات، ئەمساڵ تەنیا دوو مووچەی دیکە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن."
 
بڕیارە شاندێکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، لەبارەی ئامانج و کۆبوونەوەکانی ئەو شاندە، جەمال کۆچەر بە دووری دەزانێت ئەوان بۆ داواکردنی ناردنی 700 ملیارەکە بچنە بەغدا، بەڵکو "ناردنی ئەو بڕە پارەیە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە یەکلایی بووەتەوە و دەبێت خۆیان بینێرن، سەردانەکە بۆ یەکلاییکردنەوەی هەندێک بابەتی دیکەیە، کە لە کۆبوونەوەی هەردوو وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشتر باسکراوە، بە تایبەت بۆ یەکلاییکردنەوەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2024، بەرلەوەی رەشنووسەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بنێردرێتە پەرلەمان، بۆیە رەنگە شاندەکە هەندێک وردەکاریی نێو پڕۆژەیاساکە تاوتوێ بکات."
 
هەفتەی رابردوو وابڵاوکرایەوە کە وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا رەتیکردبێتەوە 700 ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، جەمال کۆچەر دەڵێت وردەکاریی نییە ئاخۆ رێک ئەو قسەیەی کردووە یان نا، بەڵام "هەڵوێستی وەزیری دارایی دیارە، لە کاتی دەنگدانیش بۆ ناردنی 700 ملیارەکە رەتیکردەوە و بۆچوونی تایبەتی خۆی هەبوو، بەڵام وەزیری دارایی بە تەنیا ناتوانێت بڕیاری سەرۆکوەزیران رەتبکاتەوە، ئەگەر ویستی هەبێت پارەکە بنێرێت."
 
لەبارەی سەردان و کۆبوونەوە بەردەوامەکانی شاندەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و دروستبوونەوەی کێشەکانیش، ئەو پەرلەمانتارە کوردە بۆ ئەوەی دەگەڕێنێتەوە کە "مادەکانی 13 و 14ـی بودجە کۆمەڵێک مینی تێدایە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیەش من دەنگم بەو دوو مادەیە نەدا، ئەگەر بەغدا نەرمی نەنوێنێت، زۆر کێشە دروست دەبێت، ئەو 700 ملیارە بەگوێرەی بودجە نەهاتووە، بۆیە پێویست بە سەردانی ئەو هەموو شاندەی هەرێمی کوردستان دەکات."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "کاتی ئەوە هاتووە هەولێر و بەغدا دۆسیەی فەرمانبەران لە ململانێ سیاسییەکان جیابکەنەوە و کێشەکە چارەسەر بکەن، خەڵک ماندوو بووە و دەبێت دۆسیەکە یەکلایی بکرێتەوە و دوور بخرێتەوە لە ململانێکانی نێوانیان."
 
لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی مووچە، جەمال کۆچەر پێشبینی دەکات "مووچەی فەرمانبەران لە رێگەی ئەو بانکانەوە دابەش بکرێت کە لە سەرتاسەری عێراق متمانەپێکراون و سەر بە حکومەتن."
 
بەهۆی نەناردنی ئەو بڕەپارەیەی کە رێککەوتنی لەسەر کراوە لە بەغداوە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دواکەوتووە. گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر عێراقیش پرسێکی دیکە بوو کە جەمال کۆچەر باسی کرد، گوتی، "ئێستا چوار هەنگاو پێویستن بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بچێتە سەر بەغدا، یەکەمیان یان هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، یان بەڕێکردنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2024 بۆ پەرلەمان و لەوێوە لیژنەی دارایی بەڵێنی داوە مووچەی فەرمانبەران لە ململانێی سیاسی جیابکاتەوە، لیژنەکە مووچە لە رەشنووسەکە جێگر بکات. سێیەمیان ئەوەیە هەرێمی کوردستان هاوکاربێت لە پێدانی داتاکان و بیانووەکانی بەغدا ببڕێت. چوارەمیشیان ئەوەیە کۆمەڵێک بانکی متمانەپێکراو دیاریبکرێن بۆ ئەوەی مووچە لەلایەن بەغداوە لە رێگەی ئەو بانکانە دابەش بکرێت."
 
بەرپرسانی وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە چەندین بۆنەی جیاوازدا ئەوەیان راگەیاندووە کە هەموو داتا و ژمارەکانیان بە روونی پێشکێشی حکومەتی عێراق کردووە و هیچ ناڕوونییەک لە ژمارەکاندا نەماوە. 
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکان، بڕیارە بەغدا ئەم ساڵ تەنیا دوو 700 ملیار دیناری دیکە بنێرێت، بەڵام فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هێشتا مووچەی مانگەکانی ئاب، ئەیلوول و تشرینی یەکەمیان وەرنەگرتووە، جەمال کۆچەر دەڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە ئەو مووچانە دابەش بکات، بە بڕوای من توانای هەیە و پارەی هەیە بۆ دابەشکردنی، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی نەوەتەکان هیچی نەبوو، مووچەی دابەش دەکرد، بەڵام ئێستا رۆژانە لانی کەم سێ هەزار ئۆتۆمبێل داخڵ دەکات و باج 10 هێندە وەردەگیرێت و داهات زیادبووە، بۆیە پێم وایە دەبێت پارەی پێویست هەبێت و بڕوای تەواوم بەوە هەیە کە پارەکە هەیە، بەڵام نازانم بۆچی مووچە نادات."

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک ئاماژەیە بۆ جیابوونەوە

لە 8 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە 48 هەزار هاوژین لە عێراق جیابوونەتەوە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، مانگی رابردوو زیاتر لە 16 هەزار 600 گرێبەستی هاوسەرگیری کراون و زیاتر لە 5 هەزار و 400 جیابوونەوەش هەبووە. لە 8 مانگی رابردووشدا زیاتر لە 200 هەزار هاوسەرگیری و 48 هەزار جیابوونەوە تۆمار کراون.