نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا كۆبووەوە

29-08-2016
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی
A+ A-

رووداو - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، بۆ چارەسەری كێشەكان، هەولێر ئامادەیە لەگەڵ بەغدا هاوكار بێت.

لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 29-8-2016 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری سەردانی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایان كرد و لەلایەن ستیوارت جۆنز، باڵیۆز و دیپلۆماتكارانی باڵیۆزخانەی ئەمریكاوە پێشوازی لێكرا.

بەپێی راگەیێندراوێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە "لە هەموو بوارەكاندا حكومەتی هەرێم ئامادەیە لەگەڵ بەغدا هاوكار بێت بۆئەوەی هەموو كێشەكان بەشێوەیەك چارەسەربكرێن كە لە بەرژەوەندیی هەردوولادا بێت".

لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشكراوە، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كارەكانی وەك باڵیۆزی وڵاتەكەی لە بەغدا كۆتایی هاتووە و خۆشحاڵیی خۆی بە دیداری لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەربڕیووە. هاوكات سوپاسی پاڵپشتی و كارئاسانیی هەرێمی كوردستانی كردووە بۆ كارەكانی لەو ماوەیەی كە وەك باڵیۆز لە عێراق كاریكردووە.

جۆنز پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكای بۆ شاندی هەرێمی كوردستان دووپاتكردووەتەوە.

لەبەرامبەردا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی باڵیۆزی ئەمریكای كردووە بۆ هەوڵە بەردەوامەكانی لە پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كار و ئەركی نوێیدا.

بەپێی راگەیێندراوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا رەوشی ئەمنی و سیاسیی عێراق، هەرێمی كوردستان و دوا پێشهاتەكانی شەڕی دژی داعش و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار تاوتوێكراون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە