رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ژینگەی عێراق رایگەیاند، پیسبوونی رووباری تانجەڕۆ لە سلێمانی هۆکارێکی سەرەکی پیسبوونی ژینگە و ئاوی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراقە، دەبێت لەوێوە دەست بە چاکسازی بکەن.
چوارشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2025، لە دووەم پانێڵی رۆژی دووەمی کۆنفرانسی وزەی عێراق لە بەغدا، هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق باسی کێشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم ژینگەی عێراقی کرد لەنێویاندا رێنمایی و یاساکان، کە وەزارەتەکەی کار بۆ هەموارکردنەوەی بەشێکیان دەکات، لەوانە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە کە لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە.
پێشتر وەزارەتی ژینگەی عێراق بەشێک بوو لە وەزارەتی تەندروستی، بەڵام دواتر جیاکرانەوە، هەڵۆ عەسکەری پێیوایە ئەوە بڕیارێکی دروست بوو، "چونکە عێراق بە دۆخی شەڕ و کێشە و گرفتی زۆردا تێپەڕیوە، بەڵام سوپاس بۆخوا ئێستا وڵات سەقامگیرە و کار بۆ باشکردنی دۆخی ژینگە دەکەین."
عێراق لە رووی پیسیی ژینگەوە، لە ریزبەندییەکاندا هەمیشە لە پلەکانی پێشەوەیە، بەڵام وەزیری ژینگەی عێراق ئەمە بە ناڕەوا دەزانێت و دەڵێت: "ناڕەواییە بڵێین عێراق لە ریزبەندی یەکەم و دووەمی پیسترین ژینگە و هەوایە لە جیهاندا، راستە ژینگەمان پیسە، بەڵام هەوڵی زۆرباشیش دراوە بۆ باشکردنی دۆخی ژینگە و هەوا، لەم دواییانەدا کۆبوونەوەمان لەسەر ئاستی وەزارەتەکان هەبوو سەبارەت بەو پرسە و سزادانی سەرپێچیکاران لە کارگە و پاڵاوگەکاندا."
بە گوتەی هەڵۆ عەسکەری، پێش دوو هەفتە، لە ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی کارەبا پڕۆژەیەکی پێشنیاز کرد بۆ دروستکردنی کارگەیەک لە بەغدا، کە لە رێگەیەوە زبڵ و خاشاک دەگۆڕدرێت بۆ وزە."
وەزیری ژینگەی عێراق، پیسبوونی ئاوی تانجەڕۆ لە سلێمانی بە هۆکارێکی پیسبوونی ژینگە، ئاوی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دادەنێت و دەڵێت: "ئاوی تانجەڕۆ بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوەڕۆ و ئاوی پاشماوەی سووتاندنی خاشاکەوە پیسبووە، کە ئەوەش هەمان ئەو ئاوەیە کە دەڕژێتە نێو ئاوی دەربەندیخان و لەوێشەوە دەگاتە نێوەڕاست و باشووری وڵات."
وەزیری ژینگە گوتیشی: "دەمانەوێت کێشەکە لە چاوگەکەیەوە چارەسەر بکەین، بەڵام بەداخەوە کارمەند و ئامێرمان بەپێی پێویست نییە و هاوئاهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو دەکەین بۆ چارەسەری ئەو کێشانە."
لەبارەی دیاردەی بەبیابانبوونیشەوە، هەڵۆ عەسکەری گوتی: "بەبیابانبوون تەنیا کێشەی عێراق نییە، بەڵکو کێشەیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە، ئێمە لە کۆپ16 لە سعودیە بەشداربووین لەسەر پرسی بەبیابانبوون دەستپێشخەریمان هەبوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ