رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، تاوەکو ساڵی 2030 عێراق پێویستی بە 76 هەزار مێگاوات کارەبا دەبێت. سەرۆکی لیژنەی وزە و کارەبا لە پەرلەمانی عێراقیش رەخنە لە وەزارەتی کارەبا دەگرێت و دەڵێت، بەشێک لە وەزارەتەکە هۆکارە لە شکستی کەرتی کارەبا و رۆڵی نەرێنیی هەیە.
کۆنفرانسی وزەی عێراق لە بەغدا بەڕێوەدەچێت و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیاییە. لە کۆنفرانسەکەدا پرسی ژینگە، سەرچاوەکانی وزە و فرەیی ئابووریی عێراق تاوتوێ دەکرێن.
پەرلەمان رەخنە دەگرێت
ئەمڕۆ چوارشەممە 29-01-2025 لە دووەم پانێڵی رۆژی دووەمی کۆنفرانسەکەدا محەممەد عەبد رەبە، سەرۆکی لیژنەی وزە و کارەبا لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان چەندین تێبینیی لەسەر کەرتی کارەبا و وەزارەتی کارەبا تۆمار کردووە و گرنگترینیان ئەوەیە، بەشێک لە وەزارەت هۆکارە لە شکستی کەرتی کارەبا و رۆڵی نەرێنیی هەیە.
محەممەد عەبد رەبە ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو وڵاتانی جیهان پلانیان هەیە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانیان، بەڵام کارەکان لە وەزارەتی کارەبای عێراق زۆر درەنگ دەکرێن و چارەسەرییەکان هەنووکەیین، نەک ریشەیی و درێژخایەن.
ئەو پەرلەمانتارە رەخنەی لەوە گرت کە بەهەدەردان لە پرۆسەی بەکاربردنی کارەبا هەیە، کە وەزارەت و هاووڵاتییانیش بەشدارن تێیدا.
بەپێی قسەکانی محەمەمد عەبد رەبە، وەزارەتی کارەبا تاوەکو ئێستا ئەرکی راستەقینەی خۆی بەجێ نەگەیاندووە لە کۆکردنەوەی پارەی کارەبا، هاووڵاتییانیش بەبێ بەرپرسیارێتی کارەبا بەکاردەبەن.
هەروەها باسی لەوە کرد کە بەدواداچوون، چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی هێڵەکان خراپە و پێویستە سەرەتا چاکسازی لە کەرتی دابەشکردنی کارەبا بکرێت، دواتر بچنە سەر گواستنەوە و بەرهەمهێنان.
وەزارەتی کارەبا: کێشەی گەورە لە دابەشکردندایە
لە بەرامبەردا عادل ئەحمەد، بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، کێشەی گەورەیان لە بواری دابەشکردنی کارەبادا هەیە، بەڵام لە بوارەکانی دیکەش کێشەیان هەیە.
عادل ئەحمەد باسی لەوە کرد، لە ساڵی 2003دا ژمارەی دانیشتووانی عێراق 26 ملیۆن کەس بوو، کۆی بەرهەمی کارەبا 3400 مێگاوات بوو؛ ئێستا ژمارەی دانیشتووان گەیشتووەتە 45 ملیۆن کەس، وەزارەتی کارەبا 27 هەزار و 775 مێگاوات کارەبای دابین کردووە، واتە زیادبوون بە رێژەی 750% بووە.
لەبارەی ژمارەی وێستگەکانی کارەبا عادل ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیان 74 وێستگەیە کە 8یان وێستگەی هەڵمین، 40یان گازین، 18یان دیزڵ و 8یان کارۆئاوین. هەروەها رایگەیاند، کورتهێنانی کارەبا لەنێوان 20 بۆ 25 هەزار مێگاواتدایە.
هێڵەکانی بەستنەوە و کێشەی گاز
بریکاری وەزارەتی کارەبا باسی لە هێڵەکانی بەستنەوەی کارەبا کرد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، وەک ئێران کە چوار هێڵی هەیە و تورکیا کە هێڵێکی کارای هەیە بە 300 مێگاوات.
ئاماژەی بەوەشکرد، 70% بۆ 75%ی کارەکانی هێڵی بەستنەوە لەگەڵ کەنداو تەواو بووە و هیوادارن هاوینی داهاتوو کارەبا لەو وڵاتانە هاوردە بکەن.
عادل ئەحمەد رەخنەی ئەوەشی گرت، ئێران پابەند نییە بە رێککەوتنی دابینکردنی گاز، بەتایبەتی لە کاتی پێویستدا لە هاوین و زستاندا.
پێویستیی کارەبا تاوەکو 2030
لە کۆتاییدا بریکاری وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کرد، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان تاوەکو ساڵی 2030، عێراق پێویستی بە لانیکەم 76 هەزار مێگاوات کارەبا دەبێت؛ بۆیە پێویستە تاوەکو پێنج ساڵی داهاتوو 50 هەزار مێگاوات کارەبا زیاد بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ