رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کارەبای عێراق دەڵێت، هاوئاهەنگییەکی باڵایان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هاوردەکردنی وزە و بابەتی گاز هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کێشەی کەمیی سووتەمەنی ئاستەنگی سەرەکییە لە بەرهەمهێنانی کارەبادا؛ باس لەوەش دەکات، هاوینی داهاتوو 26 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبا دەبێت.
کۆنفرانسی وزەی عێراق لە بەغدا بەڕێوەدەچێت و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیاییە. لە کۆنفرانسەکەدا پرسی ژینگە، سەرچاوەکانی وزە و فرەیی ئابووریی عێراق تاوتوێ دەکرێن.
وەزیری کارەبا: کێشەی کەمی سووتەمەنی ئاستەنگی سەرەکییە
ئەمڕۆ چوارشەممە 29-01-2025، زیاد عەلی فازل، وەزیری کارەبای عێراق، لە یەکەم پانێڵی رۆژی دووەمی کۆنفرانسەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم وەزارەتەکەی بۆ دابینکردنی وزەی کارەبا، نەبوونی بڕی پێویست لە سووتەمەنییە بۆ بەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
بە گوتەی ئەو وەزیرە، وەزارەتەکەیان تاوەکو ئێستا گرفتارە بە دەست کێشەی کەمی سووتەمەنییەوە.
ستراتیژییەتی وەزارەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وزە
وەزیری کارەبا روونیکردەوە کە ستراتیژییەتێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە داناوە، کە چەندین خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرێت کە بریتین لە:
- وەبەرهێنان لە گاز؛ پشتبەستن بە گازی ناوخۆ و وەبەرهێنان لەو بوارەدا.
- کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردە؛ کەمکردنەوەی هاوردەکردنی گاز لە دەرەوە.
- بەستنەوەی کارەبا بە وڵاتانی دراوسێ؛ هەوڵدان بۆ هێنان و ئاڵوگۆڕی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی کوردستان وەک سەرچاوەیەکی نوێی وزە.
- پەنابردن بۆ وزەی نوێبووەوە: پەرەپێدانی بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە وەک وزەی خۆر و با.
پرۆژە نوێیەکانی وزە
وەزیری کارەبا ئاشکرایکرد کە چەندین پڕۆژەیان لە قۆناخی جێبەجێکردندان و ئێستا کاریان لەسەر دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی دوو هەزار و 300 مێگاوات کارەبا؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە رۆژانی داهاتووشدا لەگەڵ کۆمپانیای مەسدەری ئیمارات رێککەوتن دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی دوو هەزار مێگاواتی دیکەی کارەبا.
حکومەتی عێراق بەرهەمهێنانی 15 هەزار مێگاواتی وەک دەرفەتی وەبەرهێنان راگەیاندووە لە سەرانسەری پارێزگاکاندا. ئەم پلانە دەبێتەهۆی زیادکردنی وزەی تۆڕی کارەبای نیشتمانی.
هەروەها 15 هەزار مێگاواتی دیکە لە جێبەجێکردندایە، بەوەش کۆی بەرهەمهێنان دەگاتە 30 هەزار مێگاوات، کە دوای تەواوبوون، دەکەوێتە بواری خزمەتەوە. وەزیری کارەبا پێشبینی دەکات کە ساڵانە بەرهەمی کارەبا بە بڕی 3 هەزار مێگاوات زیاد بکات.
خواست و کورتهێنانی کارەبا
وەزیری کارەبا ئاماژەی بەوەدا کە لە هاوینی رابردوودا خواست لەسەر کارەبا گەیشتە 48 هەزار مێگاوات، لەکاتێکدا نزیکەی 20 هەزار مێگاوات کورتهێنان هەبوو؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت هاوینی داهاتوو خواست لەسەر کارەبا بگاتە 50 بۆ 55 هەزار مێگاوات، لە کاتێکدا بەرهەمهێنان دەگاتە 28 بۆ 29 هەزار مێگاوات.
بەم قسانە بێت ئەگەر بەرزترین خواست و بەرهەمهێنان وەربگرن، ئەوا هاوینی داهاتوو نزیکەی 26 هەزار میگاوات کورتهێنان دەبێت.
وەزیری کارەبا ئەوەشی خستەڕوو کە هەوڵدەدەن بەشێک لە کورتهێنانەکە چارەسەر بکەن بە پشتبەستن بە بەستنەوەی کارەبا بە وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی کوردستان.
هاوردەکردنی گاز
وەزیری کارەبا رایگەیاند، رێککەوتنیان هەیە بۆ هاوردەکردنی گاز لە تورکمانستان و ئێستا وردبینی لەو کۆمپانیایە دەکەن کە لە رێگەی ئێرانەوە گاز هاوردە دەکات، کە ئەوەش دەبێتە سەرچاوەیەکی دیکەی سووتەمەنی، ئەمە وێڕای گازی ئێرانی.
وەزیری کارەبا ئاماژەی بەوەدا کە هاوردەکردنی گاز لە قەتەر پێویستی بە سەکۆیەکە بۆ وەرگرتنی گازەکە و ئێستا کاری لەسەر دەکرێت.
وەزیری کارەبا روونیکردەوە کە نزیکەی 8 هەزار مێگاوات کارەبا پشت بە گازی ئێران دەبەستێت و ئێستا سەختە دەستبەرداری ئەو گازە هاوردەکراوە ببن.
هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان
زیاد عەلی فازل ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە لە بواری دابینکردنی وزەدا. وەزیری کارەبا رایگەیاند، کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە گاز دەخاتە بەردەستیان و نرخی گونجاوە.
وەزیری کارەبا گوتی: "کۆمپانیایەک هەیە وەبەرهێنان لە کێڵگەی گازی هەرێمی کوردستان دەکات، بەرهەمی زیادەی هەیە. فرۆشتنی ئەو گازەی خسووەتە بەردەستمان، ئەمە بە هاوردەکردن دانانرێت و نرخەکەشی گونجاوە. ئەو کۆمپانیایە گاز دەفرۆشێتە هەرێمی کوردستان".
زیاد عەلی فازل گوتی: "هاوئاهەنگییەکی باڵامان هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە هاوردەکردنی وزە و بابەتی گاز".
ئەو وەزیرە پێیوایە" ئەمە هاوردەکردنی گاز نییە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، چونکە ئەمە هەمووی لەنێو وڵاتە، بەڵام کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی گازە. 100 مەقمەق گازمان پێدەدات بۆ ناوچەکانی باکوور، کەرکووک و پارێزگاکانی دیکە".
مەقمەق یەکەیەکی پێوانەی گازی سرووشتییە، هەر مەقمەقێک دەکاتە یەک ملیۆن پێ سێجا.
هەروەها راشیگەیاند، "ئاڵوگۆڕی وزە لەنێوان ئێمە و برایانی هەرێمی کوردستان بەرزە و پەیوەندییەکی باشمان هەیە. دەتوانین ناوی بنێین هاوئاهەنگی، یاخود کڕینی وزە، گاز لە وەبەرهێنان. پێموایە ئەمە بابەتێکی ئاساییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ