رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی هەشتەمینی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی چاوەکان دەکەونە سەر جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت، لەسەرووی ھەمووشیانەوە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق. گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ھەولێر و بەغدا تەنیا یەکگرتوویی کورد لە بەغدا بە چارەسەر دەبینێت.
سۆزان مەنسوور، گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت: لە رابردوودا بەداخەوە یەک دەنگ و یەک رەنگ نەبووین، هیوادارم ئەو یەکنەبوونەی لە رابردوو هەبووە لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە. ئێمە وەک کورد دەبێت یەک دەنگبین تاوەکو بتوانین مافەکانی کورد جێبەجێ بکەین و مافی خۆمان وەربگرین. تەنها شەڕ شەڕی مووچە و بودجە نییە، راستە مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان گرنگە؛ بەڵام ئێمە کێشەی گرنگترمان هەیە، وەک ماددەی 140، کێشەی خانەقین و کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان کە دەبێت ئێمە شەڕی لەسەر بکەین دەبێت شەڕی ئەوە بکەین ماددەی 140 جێبەجێ بکەین.
جێبەجێ نەکردنی ماددەی 140ی دەستوور، پرسی نەوت و گاز، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتەکانی پێشوو وەکو میرات بۆ کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی ماوەتەوە. بەشێک لە پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان پێیان وانییە ئەم حکومەتە بتوانێت کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.
عودەی عەواد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە رووداوی راگەیاند: "بێگومان ئەمە كێشەی سەرەکییە و دەبێتە قەیران لەبەردەم حکومەتی نوێ، بەڵام هیوادارین چارەسەر بکرێت بە رەزامەندی هەردوولا. بەڵام بێگومان هەرێم رازی نابێت، بۆیە چارەسەری کێشەکان دەبێت دەستوور و یاسا ناوبژیوانی سەرەکی بێت بۆ چارەسەری کێشەکان."
لە کارنامەی کابینەکەیدا، محەممەد شیاع سوودانی باسی چارەسەری بەشێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەولێر و بەغدای کردووە، لەوانە: دۆسیەی نەوت و گاز، جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، رێککەوتنی شنگال، پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی.
دوای پێدانی متمانە بە کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی باسی جێبەجێکردنی کارنامەکەیەتی، گرنگترینیشیان بۆ هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەیە کە بە کوردی داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵێنێک کە زۆربەی خاڵەکان پێش کابینەی سوودانیدا هەبووە و جێبەجێ نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ