راوێژکارێکی سوودانی: لە 2025 رۆڵی راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆتایی دێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
هێزێکی هاوبەشی سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
هێزێکی هاوبەشی سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە 2025 رۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و راوێژکارانی لە عێراق کۆتایی دێت. دەشڵێت پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق، لە ژێر چەتری بەرگریی نیشتمانی کاردەکات.
 
ئەمڕۆ شەممە، 28-09-2024، حوسێن عەللاوی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای 10 ساڵ لە سەرهەڵدانی رێکخراوی داعش و پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تەواو دەبێت.
 
عەللاوی دەڵێت، کاردەکرێت بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندییە بگۆڕدرێت، بۆ پەیوەندیی ئاسایی دوو قۆڵی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئابووریی، سیاسی، ئاسایش، فەرهەنگی، خوێندن، تەندروستیی، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لەگەڵ ئەمریکا، بەریتانیا، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، هاوپەیمانی ناتۆ و وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانییەکە.   
 
حوسێن عەللاوی، باس لەوە دەکات، "خشتەیەکی کاتی دانراوە، کە ساڵی 2025 کۆتایی بە رۆڵ و ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەر خاکی عێراق دەهێنرێت و رۆڵی راوێژکاران کۆتایی دێت. پەیوەندییەکان دەبنەوە دووقوڵی". هەروەها لە ساڵی 2026ش هەڵمەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ رێگری لە رێکخراوی تیرۆیستی و توانای گەشەی تیرۆریستان، کە عێراقیش تێیدا ئەندامە لە باکووری سووریا کۆتاییدێت. 
 
راوێژکارەکەی سوودانی هەروەها گوتی "ئێستا هێزەکانمان لە هەمووکات بەهێزترە، بەچەکی پێشکەوتوو پڕچەک کراوە". 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکرد، پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان نایابە. 
 
لەبارەوە عەلاوی گوتی، ئەو پەیوەندییە باشەی نێوان هەولێر و بەغدا لە چەندین بواردا رەنگیان داوەتەوە، وەک تووندتۆڵکردنی هێڵی سفری سنووریی، هاوکاری ئاسایش و هەواڵگریی لەنێوان هێزە فیدراڵییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە، دروستکردنی دوو لیوای هاوبەش، کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی داعش پێکهێنراوە لەو ناوچانەی جێگەی بایەختی هاوبەشن. هەروەها ناوەندی هاوئاهەنگی هەواڵگریی کە لە رێگەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەکرێت، ئەمە وێڕای وەزارەتە ئەمنییەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 
 
راوێژکارەکەی سوودانی جەختی لەوە کردەوە: "پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگری، لە ژێر چەتری بەرگریی نیشتمانی کاردەکات،  لەژێر بایەداخی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان".
 
رۆژی هەینی، 27ـی ئەیلوولی 2024، لیژنەی باڵای سەربازیی هاوبەشی عێراق و ئەمریکا راگەیێندراوێکی هاوبەشییان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکەن، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دەگۆڕدریت بۆ "هاوبەشی ئەمنیی دوولایەنە" و پاڵپشتی لە بەهێزکردنی هێزە عێراقییەکان دەکات و بەردەوام دەبێت لە راوەدوونانی داعش.
 
لە راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوەش کراوە، عێراق و ئەمریکا تاوەکو 2 ساڵی داهاتوو لە هاوئاهەنگییەکانیان بۆ رێگەگرتن لە بەهێزبوونەوەی داعش لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە تاوەکو ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبن.
 
هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە تاوەکو هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکشێنەوە و رێکاری کشانەوەیان دیاری دەکرێت، دەبێت دڵنیایی لە سەلامەتی راوێژکارە سەربازییەکان بدرێت و ئاماژە بەوەش کراوە، رێکاری پراکتیکی بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتەبەر.
 
لەبارەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر، بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئەمریکا رایگەیاندووە، "بێگومان ئامادەییەکی بەرچاومان لەوێ هەیە و هاوبەشییەکی بەهێزمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە." ئەو بەرپرسە هەرێمی کوردستانیشی بە "پێگەیەکی زۆر بەرهەمدار" بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش ناوبردووە، کە لێیەوە ئۆپەراسیۆنیان کردووە.
 
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2014دا هێزی ئەمریکا و دواتریش ژمارەیەک وڵاتی دیکە لەسەر داوای حکومەتی عێراق هاتنە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە تێکشکاندنی داعشدا.
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن؛ هەروەها 900 سەربازیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریان.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

27 هەزار مامەڵەى ساختەى مووچەى قوربانییانى تیرۆر لە عێراق رادەگیرێن

عەبدولئیلا نائیلی، سەرۆکى دامەزراوەى شەهیدان بە میدیاى فەرمى عێراقى راگەیاندووە: پرۆسەى وردبینى لەو دۆسیانە لە سەرجەم پارێزگاکان دەکرێت بەوانەشەوە کە پێشتر کراون و لە رێگەى هاوئاهەنگى دامەزراوە ئەمنییەکانەوە، پرسی وردبینى ئەمنى بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکان کارا کراوە.