رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە دەڵێت، لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا بەربژێرانی چوارچێوە بۆ پۆستە وەزارییەکانی حکومەتی نوێی عێراق یەکلاکرانەوە.
رۆژی چوارشەممە 26-10-2022، ئەحمەد عیساوی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە، ئەوەش بە مەبەستی تەواوکردنی ناوی بەربژێرانی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی.
ئەندامەکەی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە گوتی: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەزارەتەکانی خۆی یەکلاکردەوە. کوردیش وەزارەتەکانی خۆی یەکلاکردووەتەوە. سووننەکانیش کێشەکانیان لەبارەی وەزارەتەکان چارەسەر دەکەن و دانوستاندنەکانیان لەوبارەوە بەردەوامن."
ئەحمەد عیساوی ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاریدا وەزارەتێک بدرێتە پێکهاتەی کریستیان. گوتیشی، پێشبینیش دەکرێت وەزارەتی بەرگری بدرێتە هاوپەیمانیی عەزم.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو دەستی کەوتوون، کورد چوار وەزارەتی بەردەکەوێت و یەکلابووەتەوە کە پۆستی وەرارەتی داد بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. ئەوە لە کاتێکدایە پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەڕوانە سێ وەزارەت وەربگرێت کە بریتین لە وەزارەتەکانی دەرەوە، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ژینگە. شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی سێشەممە 25-10-2022 بە رووداوی گوت، دەکرێت د. فوئاد حوسێن لە پۆستی وەزارەتی دەرەوە بمێنێتەوە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، چوارچێوەی هاوئاهەنگی 12 وەزارەتی لە کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی دەبێت کە چواریان بۆ دەوڵەتی یاسا، چواریان بۆ فەتح دەبن و چوارەکەی دیکەش بۆ هێزەکانی دیکە دەبن. پۆستە وەزارییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەمانەن: وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی نەوت، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی کارەبا، وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتی وەرزش و لاوان، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی پەیوەندییەکان.
رووداو زانیویەتی، عەبدولئەمیر شەمەری بۆ وەزارەتی ناوخۆ، هیام یاسری بۆ وەزارەتی پەیوەندییەکان، نەعیم عەبوودی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا، رەزاق محێبس بۆ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بەربژێر کراون.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لەیس شاهر بۆ پۆستی وەزارەتی نەوت، ساڵح حەسناوی بۆ وەزارەتی تەندروستی، ئەحمەد ئەسەدی بۆ پۆستی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و تەیف سامی بۆ پۆستی وەزارەتی دارایی بەربژێرن.
ئەوەی کە پەیوەندی بە سوننەکانەوە هەیە، چاوەڕوان دەکرێت شەش وەزارەت وەربگرن کە چواریان بۆ هاوپەیمانیی سەروەری دەبن و دوو وەزارەتەکەی دیکە بۆ هاوپەیمانیی عەزم دەبن. چاوەڕوان دەکرێت ئەم وەزارەتانە بۆ سوننەکان بن: وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان، وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی رۆشنبیری.
رووداو زانیوویەتی محەممەد تەمیمی بۆ پۆستی وەزارەتی پەروەردە و عەبدولخالق عزاوی بۆ وەزارەتی بازرگانی یەکلاکراونەتەوە و راوێژیش بەردەوامە بۆ ئەوەی بەربژێری پۆستە وەزارییەکانی دیکە دیاریی بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ