عەبدولخاڵق تەلعەت: رەنگە هەندێک لە داعشەکانی گرتووخانەکەی حەسەکە دزەیان کردبێتە عێراق

26-01-2022
سیروان عەباس
نیشانەکردن داعش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، "هەڵاتنی چەکدارانی داعش" لە زیندانی غوێرانی حەسەکە، مەترسیی لەسەر ئەمنیەتی عێراق هەیە و رەنگە ژمارەیەک لەو هەڵاتووانە دزەیانکردبێتە ناو خاکی عێراق.
 
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق رۆژی چوارشەممە 26-01-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رەنگە ژمارەیەک لەو چەکدارە دەستگیرکراوانەی داعش کە لە زیندانی غوێران لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان هەڵاتوون، دزەیانکردبێتە نێو خاکی عێراق، ئەمەش مەترسییە بۆ سەر ئەمنیەتی عێراق و بۆ ئەو مەبەستەش هێزە ئەمنییەکان خراونەتە ئامادەییەوە".
 
عەبدولخالق تەڵعەت گوتی: "عێراق سنوورێکی فراوانی لەگەڵ سووریادا هەیە، هەڵاتنی ئەو چەکدارانە و دزەکردنیشیان بۆ عێراق، رەنگە ببنەوە مەترسی بۆ شنگال و ناوەڕاستی عێراق، بۆیە لەو سنوورانە ‌هێزە عێراقییەکان، لە ئامادەیی تەواودان و هاوئاهەنگی تەواویشیان لەگەڵ پێشمەرگە هەیە بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە هەر ئەگەرێک".
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا ئەو داعشە هەڵاتووانە مەترسی نین، لەناوخۆی عێراقیش مەترسیدارن و هێزە ئەمنییەکان خراونەتە ئامادەییەوە.
 
داعش رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 20.1.2022 نزیک کاژێر 09:00ـی شەو هێرشیکردە سەر زیندانی غوێران. بەگوێرەی میدیای هەسەدە، ئەو شەوە چەکدارانی داعش ئۆتۆمبێلێک و ماتۆڕسکیلێکی بۆمبڕێژکراویان لە نزیک دەروازەی گرتووخانەکە تەقاندەوە، دواتر شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزی پاسەوانی گرتووخانەکە و چەکدارانی داعش، کە لە باشووری شارەکەوە چووبوونە نزیک گرتووخانەکە، دروستبوو.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە فەرهاد شامی، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە رایگەیاند: زیندانی سناعە (غوێران) بەتەواوی کۆنترۆڵکراوەتەوە و هەموو ئەندامانی داعش خۆیان رادەستکردووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە