رووداو - هەولێر
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیۆن رەخنە لە لایەنە مەسیحییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەگرێت كە هەماهەنگییان لەگەڵ یەك نییە، دەشڵێت "هەرێمی كوردستان پشت بە سەركردەی شكستخواردووی مەسیحی دەبەستێت". رەتیشی دەكاتەوە لەگەڵ ئەوەبن هەرێمێك لە دەشتی نەینەوا دروست بكرێت.
رۆژی شەممە 24-12-2016، رەیان كلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی كریستیانەكانی عێراق، كە گرووپێكی چەكداری نێو حەشدی شەعبییە و بە بابلیۆن ناسراوە، هەروەها لە شەڕی دژی داعش بەشدارە، راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و هەڕەشەی كشانەوەی لە شەڕی داعش كرد، بەبیانووی ئەوەی گرووپێك لە بەغدا بوونەتە مەترسی بۆسەر كریستانەكان.
رۆژی هەینی 23-12-2016، هەشت هاووڵاتی سڤیلی مەسیحی و هاونیشتمانییەكی كوردی ئێزدی لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراو لە رۆژهەڵاتی شاری بەغدا كوژران، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیۆنیش بەرپرسیارێتی بەئامانجكردنی مەسیحییەكانی خستە ئەستۆی هێزەكانی پۆلیس و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا.
رەیان كلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیۆن، لە شاری بەغداوە بەشداری بەرنامەی "فۆكەس موسڵ" رووداوی كرد و، لەبارەی رووداوەكەی بەغدا رایگەیاند "رۆژی هەینی لە ناوچەی غەدیر-ی بەغداد چەند مەسیحییەك كوژران، داوامان لە حكومەتی عێراق كرد لایەنی ئەنجامدەر ئاشكرا بكات، لیژنەیەك لە ئێمە و لایەنە پەیوەنداریدارەكان پێكهێندراوە تاوەکو بزانین ئەو لادەرانە كێن بەبیانووی خواردنەوەی كحول خەڵك دەكوژن."
سەبارەت بە هاوئاهەنگی نێوان هێزەكانیان لەگەڵ پێشمەرگە، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی بابلیۆن گوتی "لەگەڵ برایانمان لە هێزی پێشمەرگە هیچ گرفتێكمان نییە و هەماهەنگییەكی تەواومان هەیە، لە شەنگالیش لەنێوان حەشدی شەعبی و ئێمە و هێزی پێشمەرگەدا هەماهەنگی باش و پتە و هەیە."
رەیان كلدانی باسی مەسیحییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقی كرد و گوتی "بەداخەوە هەماهەنگییەك لەنێوان سەركردە مەسیحییەكان نییە، هەرێمی كوردستانیش پشتی بە ژمارەیەك سەركردەی شكستخواردووی مەسیحی بەستووە".
لەبارەی بەهەرێمكردنی پارێزگای نەینەوا، یان لكاندنی بەشێك لە پارێزگای نەینەوا بۆ سەر هەرێمی كوردستان، رەیان كلدانی هەڵوێستی خۆی ئاشكراكرد و گوتی "هیچ جیاوازییەك لەنێوان هەرێمی كوردستان و دەشتی نەینەوا نییە، هەمووی هەر عێراقە و هەموو عێراقیش یەكە".
گوتیشی "پێمانوایە ئەگەر هەرێمێك هەبێت ئەوە دابەشكردنی عێراقە و ئێمە رێز لە هەرێم دەگرین و رێز لە گشتپرسیش دەگرین، بەڵام نامانەوێت لە دەشتی نەینەوادا هەرێمێكی تایبەت هەبێت، بەڵكو دەمانەوێت لەڕووی ئیدارییەوە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا وەك پێش 2003 یان لێبێتەوە و سەر بە ناوەند بن، بەڵام ئەوەی دەشتی نەینەوا دەپارێزێت دەبێت خەڵكی ئەوێ بێت."
لەبارەی ژمارەی چەكدارانی بزووتنەوەی بابلیۆن، رەیان كلدانی گوتی "هێزەكانمان لە تەلەعفەر، دەشتی نەینەوا، عومەركان، خزر، نەمروود، حەمدانییە و بەغدا هەن، بەشێكیشیان لەگەڵ حەشدی شەعبی لە تەلەعفەرن و ئەركی دیكەشمان لە سەلاحەدین هەیە، نامانەوێت ژمارەی دروستی هێزەكانمان ئاشكرا بكەین، بەڵام دەتوانین بڵێین ژمارەمان هەزار و 800 چەكدار دەبێت، سەرجەم چەكدارەكانمان مەسیحین تەنیا چەند راوێژكارێك نەبێت."
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ