رووداو- بەغدا
ماوەیەکە ژمارەیەک لە یانە و مەیخانەکانی ناوچەی کەڕادەی بەغدا دەکەونە بەر هێرش و پەلاماری هێزە ئەمنییەکان و کارمەندان و کارگوزارانەی ئەو شوێنانە دەستگیر دەکرێن.
شایەتحاڵەکان دەڵێن ئەو هێزانە بەڵگەی حکومییان خستووەتەڕوو کە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە دەرچووە و دەڵێن" هەڵمەتەکە بۆ جێبەجێکردنی یاسای تایبەت بە داخستنی یانە شەوانە رێگە پێنەدراوەکان بەڕێوەدەچن".
هاوکات ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنە لەم هەنگاوەی لایەنە بەرپرسیارەکان دەگرن و دەڵێن" ئەم جۆرە رەفتارانە هاوشێوەی هەڵمەتەکانی داعشە".
مەیخانە و یانە شەوانەکان کە زیاتر لە ناوچەی کەڕادەی بەغدا کۆبوونەتەوە رووی نیمچە شاراوەی پایتەختی عێراقن، ئەو وڵاتەی کە ئیسلامی سیاسی شیعە تێیدا دەسەڵاتدارە و بەردەوام مەرجەعییەتەکانی لە نەجەف و کەربەلاوە نەفرەت لە بوونی یانەی شەوانە دەکەن لە عێراق.
بە گەڕان بە دوای ڤیدیۆی تایبەتی ئەو یانانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆمان دەردەکەوێ کە یانە شەوانەکانی بەغدا زۆر لە یانە شەوانەکانی دوبەی جیاواز نین چ لە رووی سەماکردنی کچان بێ بە جلی نیمچە رووتەوە یان پێشکەشکردنی خواردنەوە کحولییەکان.
ئەم دیمەنانەش باڵی شیعەی محافزکاری نێو حکومەتی عێراقیان نیگەرانکردووە، بە رادەیەک هەر جارەو بە بیانۆیەک هێزە ئەمنییەکان هاندەدەن هەڵبکوتنە سەر ئەو مەیخانە، یانانە و دایان بخەن.
نوێترینی هەڵمەتی هێزە ئەمنییەکان لە دژی مەیخانە و یانە شەوانەکانی بەغدا بەر لە چەند رۆژێک بەڕێوەچوو و چەند مەیخانە و هۆتێلێکی ناوداری بەغدای گرتەوە وەک هۆتێلەکانی فەلەستین میریدیان و عەشتار.
ئەو هێزانە کارمەندانی مەیخانە و یانەکانیان دەستگیرکرد و خەڵکی نێویان دەکردە دەرەوە.
شایەتحاڵەکان دەڵێن:" ئەو هێزانە بڵاوکراوەیەکیان خستووەتەڕوو کە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە دەرچووە و دەڵێ هەڵمەتەکە بۆ جێبەجێکردنی یاسای تایبەت بە داخستنی یانە شەوانە رێگە پێنەدراوەکان بەڕێوەچووە".
هاوکات چالاکوانانی مەدەنی عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ رەخنە گرتن لەم هەنگاوە و هاوشێوەکردنی بە هەڵمەتەکانی داعش ناوی "غەزوەی هۆتێڵەکانیان" لەم هەڵمەتەی هێزەکانی عێراق ناوە.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکەی ساتی چوونی هێزە ئەمنییەکان بۆ نێو هۆتێل فەلەستین میریدیان لە بەغدا هێزەکان دەرگای یانەی هۆتێلەکە دەشکێنن و لە ژێر فەرمانی ئەفسەرێک بە پلەی عەقید هەڵمەتەکە ئەنجامدەدەن.
هەرچەندە سەرچاوە ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن کە وەزیری ناوخۆی عێراق فەرمانی ئازادکردنی هەموو کارمەندە دەستبەسەرکراوەکانی یانە شەوانەکانی بەغدای دەرکردووە، بەڵام ئەم هەنگاوەی هێزە ئەمنییەکان رەخنەی زۆری چالاکوانان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە دوای خۆیەوە هێنا و هەڵسوکەوتە هاوشێوەکانی هێزە ئەمنییەکانی بیرهێنانەوە کە لە سەردەمی نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە دژی مەیخانە و یانە شەوانەکانی بەغدا پەیڕەودەکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ