بە تۆمەتی گەندەڵی لێپرسینەوە لە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانیی عێراق دەکرێت

21-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوە لە حەیدەر مەکییە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی دەکات. لیژنەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بەشێک لە کارەکانی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان پێشێلکاریی یاساییان تێدایە.
 
لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "دانیشتنێکی لێپرسینەوەی گشتی و راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی دەکەن، ئەمەش لە وەڵامی لێدوانە میدیاییەکانی سەرۆکی دەستەکە، کە لیژنەکە لێدوانەکانی بە "نابەرپرسیارانە" پێناسە دەکات.
 
لیژنەی دەستپاکی دەڵێت: "سەرۆکی دەستە بانگهێشت دەکرێت بۆ وەڵامی ئەو بڕیار و بۆچوونە نادروستانەی کە داویەتی، جگە لە بوونی گومانی گەندەڵی هەندێک مۆڵەتی وەبەرهێنان".
 
لیژنەکە روونیشیکردووەتەوە، "پێشتر سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بانگهێشت کراوە بۆ لێپرسینەوە، بەڵام وەڵامی روونی سەبارەت بەو سەرپێچیانەی پەیوەستن بە هەندێک مۆڵەتی وەبەرهێنانەوە نەداوەتەوە. هەندێک نامە و گفتوگۆ هەن سەبارەت بە کارەکانی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان کە پێشێلکاری یاساییان تێدایە و بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی لیژنەی دەستپاکی، بەدواداچوونێکی گشتگیر بۆ ئەو دەنگۆیانە دەکەن کە باس لە دەستێوەردانی سیاسی دەکەن لەلایەن سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان. "ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمی بۆ دەنێرن و بانگهێشت دەکرێت بۆ پێداچوونەوە بە وردەکاری راستیی ئەو تۆمەتانە."
 
لیژنەکە جەخت لەوەش دەکاتەوە، "هەموو زانیارییەکانی پەیوەست بە ئەدای دەسەڵاتی وەبەرهێنان کۆدەکەینەوە و درێخی ناکەین لە ئاشکراکردنی هەر پێشێلکارییەک کە رەنگە زیان بە بەرژەوەندی گشتیی بگەیێنێت. هەروەها شیکاریی بۆ ئەو مۆڵەتە وەبەرهێنانانە دەکەین کە گومانی گەندەڵییان لێدەکرێت، ئەمە جگە لەوەی لێپرسینەوە لە سەرۆکی دەستەکە دەکەین بەهۆی رەتکردنەوەی گواستنەوەی فەرمانبەرێک کە گومانی تێوەگلانی لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا لێدەکرێت."
 
لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بەوە تۆمەتبار دەکات کە، "25 فەرمانبەری گواستۆتەوە بۆ دەستەی وەبەرهێنان، کە شەش لەوانە کەسوکاری پلە دوو و سێیەمی خۆی بوون، ئەمەش گومانی لایەنگری لە دامەزراندنەکاندا دروست دەکات."
 
لیژنەکە باس لەوە دەکات، "راپۆرتێکی تۆکمە لەسەر پرسەکانی گەندەڵی لەنێو دەستەی وەبەرهێنان پێشکێشی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەین، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست".
 
حەیدەر محەممەد مەکییە، لە رۆژی 22ـی کانوونی دووەمی 2023 وەکو سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانیی عێراقی دەستبەکاربوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

کۆمیسیۆنی عێراق بۆ رووداو: پێنج هاوپەیمانیى نوێ تۆمارکراون

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ماوەى تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانییەکانى هەڵبژاردنی بۆ 20ـی ئایار درێژکردەوە. بەگوتەى بەرپرسێکى ئەو کۆمیسیۆنە تێکڕاى هاوپەیمانییەکان گەیشتوونەتە 12 هاوپەیمانى، کە پێنجیان نوێن.