مالیکی دڵنیایی دەداتە نێچیرڤان بارزانی کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پابەندی بەڵێنەکانییەتی

21-02-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، ئەو بەڵێنانەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە هاوبەشەکانی لە حکومەت بە تایبەتی کورد و سوننە داویەتی، جێبەجێ دەکرێن. ئاماژە بەوەش دەکات کە بەم نزیکانە ناکۆکییەکانی لەگەڵ موقتەدا سەدر نامێنن.
 
رۆژی یەکشەممە 19-2-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا لە میونشن رایگەیاند: "حکومەتی نوێی عێراق لە ئەنجامی هاوبەشیی نێوان کورد و لایەنەکانی شیعە و سوننە دروستبووە. ئێمە لەسەر بەرنامەیەک رێککەوتووین و نووسراومان هەیە و واژۆمان کردووە. ئەگەر لایەنەکانی دیکە نایانەوێت پابەندی ئەو رێککەوتنە بن، ئەوکاتە هیچ مانایەک بۆ مانەوەی ئێمە وەکو کورد لەنێو ئەم حکومەتەدا نامێنێتەوە." 
 
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەو بارەوە دەدوێت و دڵنیایی دەداتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ئەو بەڵێنانەی لە بەرنامەی پێکهێنانی ئەم حکومەتەدا بە کورد و سوننە دراون جێبەجێ دەکرێن. 
 
نووری مالیکی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرەنسی دەڵێت: "بە داخەوە گوێبیستی ئەوە دەبم کە لایەنێکی سەرەکی ئاماژە بە کشانەوە لە حکومەت دەکات. حکومەت دەخوازێت بودجەیەکی نیشتمانی ئامادەبکات. نابێت ستەم لە لایەنێکی پڕۆسەی سیاسی بکرێت. ئەو بەڵێنانەی کە نووسیومانن نکۆڵیان لێناکەین، وەک بابەتی شوێنبزربووان، لێبووردنی گشتی و هاوسەنگی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت. حکومەت جیدییە و ئێمەش جیدین." 
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی ماوەیەکی کورتە پێکهێندراوە و هەربۆیە نەیتوانیوە بەشێکی بەرچاو لە خاڵەکانی کارنامەکەی جێبەجێ بکات و دەڵێت: "تەمەنی حکومەت چەند تێپەڕیوە؟ هەمووی سێ مانگە. کێشەی زۆر و ئاڵنگاری لە حکومەتی رابردووی بۆ ماوەتەوە؛ بۆیە لەنێوان جێبەجێکردنی داواکاری نوێ و  چارەسەرکردنی کێشەکانی حکومەتی پێشوو، پێم وایە باشتر و دادوەرانەترە برایان دەرفەتێک بدەنە حکومەت. ئێمەش لەگەڵ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیانین و زۆریش سوورین. کاتێک بەڵێنێک دەدەین، جێبەجێی دەکەین." 
 
ریشەی ناکۆکی نێوان موقتەدا سەدر و نووری مالیکی بۆ ساڵی 2008 دەگەڕێتەوە، ئەو کاتەی مالیکی سەرۆکوەزیران بوو هێرشی کردە سەر چەکدارانی سوپای مەهدی لە باشووری عێراق و بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 500 کەس لە هەردوولا کوژران و ژمارەیەکی زۆری سەرکردەکانی سەدریش دەستگیرکران.
 
لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییە، نووری مالیکی گوتی: "بەم نزیکانە ناکۆکییەکانم لەگەڵی کۆتایی دێن. پەیوەندی هەیە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو ناکۆکییە بهێنرێت لەلایەن ئەو و لەلایەن ئێمەشەوە." 
 
مالیکی دوو خول لە ساڵی 2006 تا 2014 سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو. 
 
زۆرجار باس لە گەڕانەوەی مالیکی دەکرێت بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵام مالیکی رەتیکردەوە جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێربکاتەوە و گوتی: "ئارەزووی ئەوەم نییە جارێکی دیکە ببمەوە سەرۆکوەزیران. هەشت ساڵ پۆستی سەرۆکوەزیران بەسە." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە