دوای 20 ساڵ لە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی سەدام حوسێن هاووڵاتییان گلەیی لە خزمەتگوزارییەکان دەکەن

20-03-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچەی کەڕادەی بەغدا دوای 20 ساڵ لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەدام حوسێن، بەشێکی زۆر لە خەڵک خۆزگە بە رابردوو ناخوازێت، بەڵام تا سەر ئێسقان گلەیی و گازندەی لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان هەیە.
 
محەممەد عەباس، هاووڵاتیی عێراقی دەڵێت، "گەندەڵی لە سێکتەری تەندروستی و خزمەتگوزاریی هاووڵاتییان دەرکەوتووە، چونکە ئێمە دەبینین کە لە خراپەوە بەرەو خراپتر رۆیشتووە، بە راشکاوی پێتان بڵێم."
 
لە ماوەی ئەم 20 ساڵەدا چەندین شەڕ و گرژی دروستبوون، دوایینییان شەڕی داعش بوو.  گەندەڵی گەیشتووەتە رەگ و ریشەی دامەزراوە حکومییەکان و پرۆسەی دیموکراسی لای زۆربەی خەڵکی تەنیا قسەی سەر زارە. هاووڵاتییانی عێراقی پێیان وایە رووخساری دووبارەن لە دەسەڵات ناهێڵن بەرەوپێشچوون لە وڵاتەکە دروست ببێت.
 
ئەبو عەلی، هاووڵاتیی عێراقی دەڵێت، "بەخوا 20 ساڵ لەمەوبەر هیچ شتێک لە عێراق بەدەست نەهات؛ نە رێگەوبان بەدەستهاتووە و نە ئاوەدانکردنەوە و نە ئاسایش. هیچ شتێک لە عێراق نییە. خەڵک لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دڵنیا نین، دەمرن یان دەمێنن؟ مەگەر خوا بمانبپارێزێت."
 
هاووڵاتییەکی دیکەی عێراق بەناوی عەدنان شەلاش ئاماژە بەوە دەکات، "هیچ دەستکەوتێک بەدەست نەهات و دۆخەکەش لە جاران خراپتر بووە. دیموکراسیش دیموکراسییەکی رووکەشە؛ تەنیا رووکەشە و راستی نییە."
 
بەگوێرەی راپۆرتی رێخکراوی فریدەم هاوسی ئەمریکی، عێراق نە وڵاتێکی ئازادە و نە دیموکراسی؛ بەو پێیەی لەڕووی مافە سیاسییەکان 16 لەسەر 40 و لەڕووی مافە مەدەنییەکانیش 13 لەسەر 60 نمرەی هەیە.
 
رێکخراوی گالوپی ئەمریکیش دەڵێت، خەڵکی عێراق سێیەم دڵتەنگترینن لەسەر ئاستی جیهان؛ لە کاتێکدا بەگوێرەی ئامارەکانی بانکی جیهانی، 38%ی دانیشتووانی عێراق لەدوای رووخانی بەعسەوە لەدایکبوون و 16.2%ی خەڵکی عێراق بێکارن.
 
لیستی شەفافیەتی نێودەوڵەتیش ئاشکرای دەکات، عێراق 23یەمین گەندەڵترین وڵاتی جیهانە. وەزارەتی پلاندانانی وڵاتەکەش نایشارێتەوە کە 25%ی دانیشتووانی لەژێر هێڵی هەژاریدان.
 
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوە گەورەکەدایە، ئەویش نەهێشتنی گەندەڵییە. سوودانی رۆژی یەکشەممە 19-03-2023 هۆشداریی دا و گوتی، شەڕى گەندەڵى بدۆڕێنین، لە شەڕەکانی دیکەشدا شکست دەهێنین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە