رووداو دیجیتاڵ
شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق رایگەیاند، هاووڵاتییەکى رفێندراوى قەزاى شنگال ئازاد کراوە، کە لەلایەن گرووپێکى "دەرچوو لە یاسا" رفێندرابوو، لەو ئۆپەراسیۆنەدا چوار کارمەندى هێزە ئەمنییەکان و دوو لە رفێنەرەکان بریندار بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19ى ئادارى 2025 شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق وردەکاریى ئەو رووداوەى لە راگەیێندراوێکدا بڵاوکردەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، گرووپێکى "لە یاسا دەرچوو" هاووڵاتییەکى قەزاى شنگال-یان لە رێگەى دوو ئۆتۆمبێلەوە رفاندووە، فیرقەى 20ى سوپا و پۆلیسی قەزاکە دواى دوو ئۆتۆمبێلەکە کەوتوون و گەمارۆی ئەو ناوچەیەیان داوە کە بۆى چوون.
شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق دەڵێت، "لە کاتى راوەدوونانى تۆمەتباران، چەکدارانى گرووپێکى دەرچوو لە یاسا، نارنجۆکێکیان هەڵداوەتە نزیک یەکێک لە ئۆتۆمبێلى هێزە ئەمنییەکان و چوار کارمەند بە سووکى بریندار بوون، هێزە ئەمنییەکانیش دوو لە رفێنەرەکانیان بریندار کردووە، کە یەکێکیان برینەکەى سەختە. 5 تۆمەتبارى دیکەش دەستگیر کراون، کە بەشداربوون لەو رفاندنەدا."
شەوى رابردوو 18ى ئادارى 2025 لە سەنتەری قەزای شنگال شەڕ لەنێوان هێزەکانی پاراستنی شنگال - یەپەشە و سوپای عێراق روویدا، بریندارانى سوپاى عێراق برانە نەخۆشخانەى قەزاکە بۆ وەرگرتنى چارەسەر.
شانەى راگەیاندنى ئەمنى رایگەیاندووە، رێوشوێنى یاسایی پێویست دژى ئەو کەسانە گیراوەتەبەر کە دەستگیر کراون، رادەستى لایەنى پەیوەندیدار کراون بۆ تەواوکردنى لێکۆڵینەوە و زانینى پاڵنەرەکانى ئەو تاوانەیان.
ئەو شانەیە دەڵێت، "ئەو رووداوى رفاندنەى کە دژى یەکێک لە هاووڵاتیانى شنگال کراوە، وا دەکات رێوشوێن بگرنەبەر لە دژى ئەو باندەى کە ئەو کارەى کردووە."
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە 19ى ئادار ناوەندی راگەیاندنی یەبەشە لە راگەیێندراوێکدا سوپاى عێراقى تۆمەتبار کرد بەوەى لە شنگال هێرشى کردووەتە سەریان و سێ شەڕڤانیان بریندار کردوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی یەبەشە، ئاڵۆزییەکە لە گەڕەکى یەرمووکى شنگال بووە و سوپاى عێراق بۆسەیان بۆ یەبەشە داناوە و هێرشیان کردووەتە سەریان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ