وەزیری بازرگانیی عێراق: ئاسایشی خۆراک بەدەستهاتووە

19-03-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بازرگانیی عێراق دەڵێت، گەنمی کۆگاکراوی عێراق دوو ملیۆن تۆنی تێپەڕاندووە، ئەوەش واتای ئەوەیە کە ئاسایشی خۆراک بەدەستهاتووە.
 
رۆژی سێشەممە 19-03-2024 داوود غورەیری، وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، گەنمی کۆگاکراو لە کۆگاکانی وەزارەتەکەی گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن.
 
وەزیری بازرگانیی عێراق گوتیشی، "عێراق ئاسایشی خۆراکی بەدیهێناوە و لە لیستی ئەو وڵاتانە چووەتە دەرەوە کە پێشەنگن لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی خۆراک."
 
داوود غورەیری باسی لەوەش کرد، "چاودێریی گشتگیر لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە هەیە و بەدواداچوون بۆ کارەکانی ئامادەکردنی خۆراک و نرخەکەی لە بازاڕە ناوخۆییەکان دەکرێت. بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگاکانی چاودێری، لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران دەکرێت."
 
وەزیری بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆمەڵگەی بازرگانیی هاوچەرخ لە بەغدا دەکەنەوە کە هاوشێوەی بازاڕە گەورەکان دەبێت و ئەویش بە جۆرێک دەبێت کە بە سیستمی ئەلیکترۆنی کاردەکات و نرخ تێیدا 25٪ کەمتر دەبێت لە بازاڕی ئاسایی."
 
محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رۆژی 17ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنی گەنم دەستیانپێکردووە و هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی لەو بوارەدا لە هاوئاهەنگیدان.
 
ساڵی رابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆنی گەنمی لە جووتیاران وەرگرت کە نزیکەی 500 هەزار تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بوو. حکومەتی عێراق ساڵی 2022 زیاتر لە 300 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە رووداوی گوت، "پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بگاتە زیاتر لە 6 ملیۆن تۆن، ئەوەش لە پێویستی نێوخۆیی زیاترە، واتە ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی عێراقدا تۆمار دەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سوودانی و پارێزگاری نەینەوا

سوودانی گەیشتە نەینەوا

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە پارێزگای نەینەوا. ژمارەیەک پڕۆژە دەکاتەوە و لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاکەش کۆدەبێتەوە.