رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، داوا لە عێراقییەکان دەکەن، بەپێی دەستوور سەرۆکێک بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبژێرن.
سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە (17-7-2024) بە رووداوی راگەیاند ''داوا لە عێراقییەکان دەکەین بەپێی دەستووری عێراق و خواستی گەلی عێراق، سەرۆکێک بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبژێرن.''
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند، ''ئێمە بەردەوامدەبین لە جەختکردنەوە لەوەی گرنگە سەرۆکێکی (ئەنجوومەنی نوێنەران) هەبێت بۆ پشتیوانیی یاسایی پێویست بۆ پێداویستییەکانی گەلی عێراق.''
ئەم گوتانەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدان، رۆژی سێشەممە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ شێخ شەعلان کەریم، ئەندامی دیاری سووننەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە.
رۆمانۆوسکی لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەڵێت لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ شێخ شەعلان باسیان لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە، کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەموو گەلی عێراق بکات، لەنێویاندا سوننەکان.
لە 14ـی تشرینى دووەمی ساڵى رابردووەوە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، ئەویش بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بە لێسەندنەوەى ئەندامیێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان، کە هاوکات سەرۆکى پەرلەمان بوو.
دوو جار پەرلەمان دانیشتنى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکەکەى کردووە و هەردوو جارەکە لە گەڕى دوومى دەنگداندا دانیشتنەکە راگیراوە، دوایین کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ ئەو پرسە لە 18ـی ئایار بوو، رکابەرییەکە لە قۆناخى دووەم لە نێوان مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوى راگیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ