هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە ژماره‌

17-04-2013
نیشانەکردن هەڵبژاردن ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
A+ A-
رووداو- بەغدا

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ١٦ ملیۆن و ٢٧٠ هەزار دەنگدەرە، کە بەسەر ١٦ پارێزگا دابەشدەبن،  هه‌روه‌ها ناوی ٦١ هەزار ئاوارەی تۆمارکردووە، کە مافی دەنگدانیان هه‌یه‌.

سیروان ئه‌حمه‌د ره‌شید، ئه‌ندامی كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان لە عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند: "ژمارەی ئەو چاودێرانەی، کە تۆمارکراون بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ٤٥ هەزار و ١٤١ چاودێری ناوخۆیی، ١٧٥ هەزار و ٢٧٣ بریکاری کیانە سیاسییەکان، ٢٦٨ چاودێری نێودەوڵەتی، هەزار و ٤٨٧ رۆژنامەنووسی ناوخۆیی و ١٦٩ رۆژنامەنووسی بیانین".

لە لایەن خۆیەوە موحسین موسەوی، ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە (رووداو)ی رایگەیاند "لە دەنگدانی گشتی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە ٢٠ى ئەم مانگە بەڕێوەبچێ، کۆمسیۆن ٥ هەزار و ١٧٨ سەنتەری دەنگدان و ٢٠١ بنکەی دەنگدان دەکاتەوە لەو پارێزگایانەی هەڵبژاردنیان تێدا بەڕێوەدەچێ، کە بریتین لە ١٢ پارێزگا، پاش بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار و ئەنجامنەدانی ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک و هەرێمی کوردستان".

گوتیشی "کۆمیسیۆن ١٦٠ بنکەی دەنگدانی بۆ ئاوارەکان لە هەموو پارێزگاکانی عێراق دیاری کردووە، جگە لە هەرێمی کوردستان"، ئاماژەشی به‌وه‌ کرد "کۆمیسیۆن ناوی ٦١ هەزار ئاوارەی تۆمارکردووە، کە مافی دەنگدانیان دەبێ لە هەڵبژاردنی رۆژی شەممەی دەهاتوو".

هاوکات نێردەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) لە بەیاننامەیه‌کدا رایگەیاند "ژمارەی کاندیدەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە نەینەوا و ئەنبارەوە ٨ هەزار و ٣٠٢ کاندیدە سەر بە ٢٦٥ قەوارە و ٥٠ هاوپەیمانین و ٢٦% یان ئافرەتن، لە کاتێکدا ١١٧ کاندید لە لایەن دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری دوورخراونەتەوە لەو هەڵبژاردنە"، گوتیشی "ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی ئەو ١٤ پارێزگایە دەگاتە ٤٤٧ کورسی، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووان لەو ١٤ پارێزگایە دەگاتە ٢٨ ملیۆن و ٢٦ هەزارو ٥٩٦ کەس".

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە عێراق رۆژی هەینی داهاتووی بە رۆژی بێدەنگی هەڵبژاردن ناساند، بۆ کۆتایی هێنان بە بانگەشەی هەڵبژاردن لە لایەن قەوارە و کاندیدەکان. 

ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ١٥ کاندید لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تیرۆر کراون.

دەنگدانی تایبەت لە ٤٢٢ سەنتەر و ١٨٤٥ بنکە بەڕێوەچوو، بە بەشداریی ٦٥٠ هەزار دەنگدەر لە هێزە ئه‌منییەکانی عێراق بە سوپاوە، بەپێی راگەیەندراوێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی سبەی پێنجشەممەی کردە پشووی فەرمی لەو پارێزگایانەی، کە هەڵبژاردنی تێدا بەڕێوەدەچێ، بەمەبەستی ئاسانکاری و ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە