دواى 38 ساڵ چاوەڕوانی، عێراق ئەندامیێتى ئەنجوومەنى جێبەجێکارى یونسکۆى بەدەستهێنا

16-11-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن یونسکۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەدواى 38 ساڵ چاوەڕوانی، عێراق ئەندامێتیى ئەنجوومەنى جێبەجێکردنى رێکخراوى یونسکۆى بەدەستدەهێنا، سەرۆکوەزیرانى عێراقیش دەڵێت "گەڕانەوەى عێراق بۆ رووکارى نێودەوڵەتى، گرنگە و دەستکەوتێکى سرووشتیی وڵاتەکەمانە."
 
رۆژی 15ـی تشرینى دووەمى 2023 محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە نووسینێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس پیرۆزبایی لە گەلى عێراق کرد بە بۆنەى ئەوەى عێراق ئەندامیێتى ئەنجوومەنى جێبەجێکارى رێکخراوى یونسکۆى بەدەستهێناوە، سوودانی دەڵێت "ئەو ئەنجوومەنە، باڵاترین دەسەڵاتى زانستى و رۆشنبیرییە لەجیهان."
 
محەممەد شیاع سودانى هەروەها نووسیویەتی "گەڕانەوەى عێراق بۆ رووکاری نێودەوڵەتى، گرنگە و بەشێکە لە مافى سرووشتیى وڵات. ئەوە دەچێتە چوارچێوەى سیاسەتى حکومەت و کارنامەکەى بۆ ئەوەى عێراق پێگەى خۆى لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەدەستبهێنێتەوە."
 
سوودانى سوپاسی ئەو وڵاتانەی کرد کە دەنگیان بە عێراق داوە بۆ ئەوەى ببێتە ئەندام لەو ئەنجوومەنەدا.
 
رۆژی 15ـی تشرینى دووەمى 2023، وەزارەتى پەروەردەى عێراق رایگەیاند، عێراق لە هەڵبژاردنى کۆنگرەى 42ـەمینى یونسکۆ لە پاریسى پایتەختى فەرەنسا، توانى ئەندامیێتى ئەنجوومەنى جێبەجێکردنى رێکخراوى یونسکۆ بەدەستبهێنێت.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، بەدەستهێنانى ئەندامیێتیى ئەو ئەنجوومەنە لەلایەن عێراقەوە لەدواى 38 ساڵ لە چاوەڕوانى بوو.
 
ئەنجوومەنى جێبەجێکردنى رێکخراوى یونسکۆ وەک ئەنجوومەنى کارگێڕیى ئەو رێکخراوەیە، کە ئەرکى ئامادەکاریی کۆنگرەى گشتییە و لەرێگەى هەڵبژاردنەوە 58 ئەندامەکەى دیاریدەکرێت، دووساڵ جارێکیش کۆدەبێتەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە