رووداو دیجیتاڵ
لە هەشت رۆژی رابردوودا زیاتر لە 645 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە دەروازەی سنووریی مێهرانی پارێزگای ئیلامەوە تێپەڕیون.
شەوی رابردوو (چوارشەممە 14-08-2024) محەممەد سوبحان حەسەنی، جێگری سەرۆکی لیژنەی زیارەتکارانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ''لە 6ـی ئابەوە تاوەکو دوای نیوەڕۆی 14ـی ئاب، زیاتر لە 645 هەزار زیارەتکار بە دەروازەی سنووریی مێهرانی پارێزگاکەدا تێپەڕیون.''
محەممەد سوبحان حەسەنی گوتی، تەنیا لە 14ـی ئابدا زیاتر لە 150 هەزار زیارەتکار لە دەروازە سنوورییەوەکەوە هاتووچۆیان کردووە کە 124 هەزاریان بەرەو عێراق تێپەڕیون و 26 هەزاریشیان لە شوێنە پیرۆزەکانی عێراقەوە گەڕاونەتەوە ئێران.
چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا تێپەڕینی زیارەتکاران بە دەروازەی سنووریی مێهراندا زۆر زیاتر بێت. ئەمڕۆ (پێنجشەممە) حەسەن بەهرامنیا، پارێزگاری ئیلام لەوبارەوە بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، بڕیارە وێستگەکانی تەواوکردنی مامەڵەی زیارەتکاران بۆ تێپەڕین لە دەروازەکە زیاتر بکرێن، بۆ ئەوەی پڕۆسەی هاتووچۆیان خێراتر بکرێت.
دەروازەی سنووریی مێهران لە پارێزگای ئیلامە و یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی نێوان ئێران و عێراق بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کە بەهۆی نزیکیی زیاتری لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، ساڵانە زۆرترین زیارەتکار هاتووچۆی پێدا دەکەن.
وێنەکان تایبەتن بە زیارەتکارانی شاری ناسریە لە پارێزگای زیقاری عێراق کە بەرەو کەربەلا دەچن. وێنە: Asaad NIAZI / AFP