لە بابل دوو کرێکار لەنێو مەنهۆڵێکدا گیانیان لەدەستدا

دوێنێ کاژێر 08:16
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە بابل دوو کرێکار دوای گیرخواردنیان لەنێو مەنهۆڵێک، گیانیان لەدەستدا. بەرگریی شارستانیی عێراق دەڵێت، هۆکاری مردنیان بەهۆی ژەهراویبوون بووە بە گاز.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئاداری 2025 رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناحیەی ئەسکەندەرییەی بابل، دوو کرێکار لە دوای گیرخواردنیان لەنێو مەنهۆڵێکی ئاوی قورس، گیانیان لەدەستدا.
 
بەرگریی شارستانیی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "گیانلەدەستدانی ئەو دوو کرێکارە، بەهۆی هەڵمژینی بڕێکی زۆری گازی خنکێنەری میسان بووە لە نێو مەنهۆڵەکەدا."
 
هاوکات عادل عەناوی، گوتەبێژی پۆلیسی بابل بە رووداوی راگەیاند، "ئەو دوو کرێکارە خەریکی چاککردنەوەی بۆریی ئاوەڕۆی مەنهۆڵێکی یەکێک لە گەڕەکەکانی ناحیەی ئەسکەندەرییە بوون، دوای گیرخواردنیان لەنێو مەنهۆڵەکە بەهۆی پڕبوونی لە ئاوی قورس و ژەهراویبوون بە گاز، گیانیان لەدەستداوە."
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانی تەرمەکانیان دەرهێناون و رەوانەی دادپزیشکی بابل کراون.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق داوا لە کرێکارانی پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان دەکات، پێش چوونە نێو مەنهۆڵ و چاڵەکانی ئاوەڕۆ، ئامێری هەواگۆڕکێ و پێداویستییەکانی پاراستنی سەلامەتی بەکاربهێنن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە