رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی گرووپی نوجەبا، کە یەکێکە لە گرووپەکانی نێو حەشدی شەعبی لە عێراق، رایگەیاند، "ئەو بۆردوومانە پیرۆزەی کە لە ئێرانی پیرۆزەوە کرایە سەر چەند بارەگایەکی مۆساد و زایۆنستەکان لە هەولێر، رەوایە".
ئەکرەم کەعبی، کە گرووپەکەی لە نێو حەشدی شەعبیدا بە لیوای 12ی حەشد ناسراوە، ئەمڕۆ دووشەممە 14-03-2022، لە هەژماری گرووپەکەیدا لە تیلیگرام، لەبارەی هێرشەکەی دوێنێی سەر هەولێر، رایگەیاند: "ئەو بۆردوومانە پیرۆزەی کە لە ئێرانی پیرۆزەوە ئەنجامدرا و کرایەسەر چەند بارەگایەکی مۆساد و زایۆنستەکان، کە خاکی پیرۆزی عێراقیان پیس کردووە رەوایە، ئەوانەشی ئەو زایۆنستە داگیرکەرانەیان لە خاکی عێراق ئامێز گرتووە رێسای هەوڵەکانیان بۆ جیابوونەوە و دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی لە ژێر چاودێری ئیسرائیل و ئەمریکا؛ لاوازکردنی عێراقە، لەگەڵ پارچەپارچەکردنی سەروەریی و یەکێتیی عێراق".
ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی گرووپی نوجەبا، کە ئەمریکا لە ساڵی 2008ەوە سزای بەسەردا سەپاندووە و لە مانگی سێی ساڵی 2019ەوە گرووپەکەی بە گرووپێکی تیرۆریستی ناساندووە، دەشڵێ: داڵدەدانی گرووپەکانی مۆسادی زایۆنستی دژبەری عێراق و ئێران و گەلانی ناوچەکە لە هەرێمی کوردستان، ماف دەداتە هەر لایەنێک بیانکاتە ئامانج و کۆتایی بە بوونی ناڕەوایان لەوێ بهێنێت.
ئەم پاڵپشتییەی ئەمینداری گشتیی گرووپی نوجەبا بۆ هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، دوای چەند کاژێرێک هات لە پاڵپشتی گرووپی حیزبوڵڵای عێراق، کە یەکێکە لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی، بۆ ئەو هێرشە، لە کاتێکدا بەپێی یاسا دەستەی حەشدی شەعبی عێراق لە ژێر فەرمانی مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقدایە، کە دوێنێ بە ئاشکرا و زۆر بە روونی هێرشەکەی ئێرانی بۆ سەر هەولێر سەرکۆنە کرد.
بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە، بە 12 مووشەکی دوورمەودا هێرشکرایە سەر شاری هەولێر، دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە راگەیاند و گوتی: لەو هێرشەدا "بنکەیەکی ئیسرائیلمان" کردە ئامانج، بەڵام سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رەتیکردەوە بنکەی ئیسرائیلی لە هەولێر هەبن، راشیگەیاند: "شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی سڤیلە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە".
هەر سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەی سوپای پاسداران، سەرۆک مەسعود بارزانی و موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، رۆژی دووشەممە بە تەلەفۆن قسەیان کرد و بڕیاریاندا لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە دەنگۆی بوونی بارەگای ئیسرائیل لە هەولێر پێکبهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ