رووداو دیجیتاڵ
مانگى رابردوو، زیاتر لە 27 هەزار گرێبەستى هاوژینی لە دادگا و دەرەوەی دادگا لە عێراق واژۆکراون، لەبەرامبەردا زیاتر لە شەش هەزار جیابوونەوە هەبووە.
بەغدای پایتەختی عێراق، لەڕووی ژمارەى پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و جیابوونەوەش لە پلەی یەکەمدایە؛ نەینەوا لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و بەسرەش لە جیابوونەوە لە ریزبەندى دووەمدان.
بەگوێرەى ئامارەکانی ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق، لە مانگى شوباتدا، 27 هەزار و 510 گرێبەستى هاوژینی لە عێراق واژۆکراون، کە پێنج هەزار و 494ـیان لەدەرەوەى دادگا بوون، لە هەمان مانگدا، شەش هەزار و 147 جیابوونەوە تۆمارکراوە، کە هەزار و شەش جیابوونەوەیان لە دەرەوەى دادگا بوون.
لەو ئامارەدا کە ئەمڕۆ (13ـی ئادارى 2023) ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوەدراوە لە بەغدا لە مانگی شوبات، شەش هەزار و 903 گرێبەستی هاوژینی واژۆکراوە، هەروەها هەزار و 436 حاڵەتی جیابوونەوەش تۆمارکراوە.
پارێزگاى نەینەوا لە پلەى دووەم دێت لەڕووی زۆریی تۆمارکردنى گرێبەستی هاوژینی و هەزار و 904 گرێبەستى لێ واژۆکراوە، لە بەسرەش کە دووەمە لەڕووی زۆریی جیابوونەوە، 805 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە .
ئەوە لەکاتێکدایە، لە کانوونى دووەمدا 25 هەزار و 406 گرێبەستى هاوژینی لە دادگا و دەرەوەی واژۆکراون؛ هاوکات شەش هەزار و 335 جیابوونەوە لەهەمان مانگدا تۆمارکرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ