عێراق

رێوڕەسمی گەڕاندنەوەی رووفاتی 171 هاونیشتمانیی ئەنفالکراو بۆ هەرێمی کوردستان. وێنە: زیاد ئیسماعیل - رووداو
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ دەیان رووفاتی هاونیشتمانیی ئەنفالکراو لە بەغدا کۆتاییهات و بڕیارە بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
رۆژی شەممە 13-01-2024، وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە بەغدا رێوڕەسمێکی تایبەت بە گەڕاندنەوەی 171 رووفاتی ئەنفالکراوان بۆ هەرێمی کوردستان بەڕێوەبرد کە پێشتر لە ساڵی 2019دا لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە پارێزگای سەماوە دۆزرابوونەوە.
یەکێک لە بەرنامەکانی ''لەگەڵ رەنج''ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی 3ـی کانوونی یەکەمی 2023 پەخشکرا، تایبەت بوو بە چارەنووسی هاونیشتمانیان لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە عێراق و گەڕاندنەوەی رووفاتەکان بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەوکات كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی کە یەکێک لە میوانانی بەرنامەکەی رووداو بوو رایگەیاند، "رووفاتی ئەو 171 ئەنفالکراوە لە ساڵی 2019ـەوە لە دادپزیشکی بەغدایە. بەپێی یاسا هەر تەرمێک دەچێت بۆ دادپزیشکی، نابێ لە دوو مانگ زیاتر بمێنێتەوە و ئەگەر لەو ماوەیە زیاتر مایەوە، دەبێ دادپزیشکی بە خاکی بسپێرێت".
بەشێکی زۆری ئەو 171 رووفاتەی دەگەڕێندرێنەوە، ژن و منداڵن و لەنێو گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا مەمکەمژە، قەترە و شرووبی منداڵ دۆزرابوونەوە.
بە گوتەی کاروان یاروەیس، وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەی، داوای یەک ملیار و 500 ملیۆن دیناری کردبوو، هەرچەندە سەرۆکوەزیرانی عێراقیش رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە دابوو، بەڵام وەزیری دارایی عێراق پابەندی بڕیارەکە نەبوو.
هاوکات هاوڕێ پێشڕەو، سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكیكار لە پرسی ئەنفال لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجدا گوتی، "لە تەنیشت ئەو گۆڕەی لە سەماوە هەڵدرایەوە، دوو گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە دۆزراونەتەوە کە رووفاتی هەندێکیان لە دەرەوەیە".
لە رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆدا یەکێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بە زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە بەغدا گوت، ''داوا دەکەین ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەش کە تاوەکو ئێستا هەڵنەدراونەتەوە، هەڵبدرێنەوە و پشکنین بۆ رووفاتەکان بکرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە دۆسیەی بێسەروشوێنبوونی کەسوکارانمان بهێنرێت".
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق، وەزیری تەندروستیی فیدراڵی، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی عێراق و کەسوکاری ئەنفالکراوان بەڕێوەچوو؛ هاوکات شاناز ئیبراهیم وەکو رێزێک، تاجە گوڵینەی بە خەم و گریانەوە لەسەر رووفاتی ئەنفالکراوان دانا.
لە پڕۆسەی ئەنفالی باشووری کوردستاندا لە لایەن دەسەڵاتی بەعسەوە لە ساڵی 1980 بۆ 1988، زیاتر لە 182 هەزار هاونیشتمانی ئەنفالکران. تاوەکو ئێستا نزیکەی چوار هەزار رووفات گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ