دوو دیارییەکەی نێوان سوودانی و پزیشکیان مانایان چی بوو؟

12-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو تابلۆیان وەکو دیاری گۆڕییەوە، یەکەمیان پەیامێکی عێراقە لەبارەی برایەتی و هاوتاییەوە، دیارییەکەی پزیشکیانیش گوتەیەکی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانە؛ لەڕووی تێچوونەوە تابلۆکەی عێراق لەوەی ئێران گرانترە.
 
چوارشەممە 11ـی ئەیلوولی 2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە یەکەم سەردانی فەرمیی دەرەوەیدا، گەیشتە عێراق، بڕیارە سێ رۆژ بمێنێتەوە، جگە لە بەغدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
 
لە بەغدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تابلۆیەکی هەڵکۆڵدراوی سەر داری پێشکێش بە سەرۆککۆماری ئێران کرد کە بریتییە لە هەڵکۆڵینی مەزاری ئیمامی عەلی و لە خوارەوە بە چەپکێک گوڵی بەیەکگەیشتوو بە پایەکانی مەزارەکەوە رازێندراوەتەوە، تابلۆکە گوتەیەکی ئیمامی عەلی، جێنشینی چوارەمی پێغەمبەری ئیسلام محەممەد (د. خ)، لەبارەی برایەتیی و هاوتایی لەسەر نەخشێندراوە، کە دەڵێت، "خەڵک دوو جۆرن، یان براتە لە ئایین، یان هاوتاتە لە دروستکردندا".
 
ئەو گوتەیە یەکێکە لە دیارترین گوتەکانی ئیمامی عەلی لەبارەی برایەتییەوە، گوتەکە لەسەر تابلۆکە بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی نووسراوە.
 
ئەو تابلۆیەی محەممەد شیاع سوودانی پێشکێشی سەرۆککۆماری ئێرانی کرد بەهاکەی بە نزیکەی 4000 دۆلار دەخەمڵێندرێت.
 
سەفا نەحات، یەکێک لە پەیکەرتاشە دیارەکانی عێراقە کە خۆی و تیمەکەی ئەو تابلۆیەیان دروستکردووە. بە رووداوی گوت، "تابلۆکە لە بازاڕ لەنێوان 3 بۆ 5 ملیۆن دینار و زیاتریش دەکات، ئەو کارەی ئێمە واتە تابلۆکەی بە دیاری درا بە سەرۆککۆماری ئێران ماوەی نزیکەی دوو مانگی خایاند، تیمێکی هەشت کەسی کارمان تێدا کرد و کارەکە لەسەر داری ساج کراوە، کارێکە وردەکاریی زۆری تێدایە، لەو کارە هەستیارانەیە پێویستی بە وردەکاری و شارەزایی زۆر هەیە".
 
بەپێی شارەزایانی پەیوەندییەکان، تابلۆکەی عێراق ئاماژەی برایەتیی گەلان و نزیکایەتیی نێوان هەردوو وڵات دەگەیێنێت.
 
لە بەرامبەردا، مەسعود پزیشکیان، نامەیەکی پێشکێشی محەممەد شیاع سوودانی کرد کە بریتییە لە گوتەیەکی سوپاسگوزاریی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوای بەڕێوەچوونی چلەی ئەم ساڵی شەهیدکردنی ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی.

 

 
 
نامەکە کە لە چوارچێوەیەکی داردا گیرابوو، لەسەری نووسرابوو: "بەناوی خودای گەورە و میهرەبان.. سەرەتا پێویستە دەستەواژەی سوپاسگوزاریتان لە ناخی دڵمەوە ئاراستە بکەم، بەناوی خۆم و بەناوی گەلی مەزنی ئێرانەوە بۆ ئێوە، خاوەن کەژاوەکان، ئەی ئەوانەی لە رۆژانی چلەدا بەرزترین ئاستی شکۆ و بەزەیی و خۆشەویستیتان تێدا زەق بووەوە، هەروەها بۆ هەموو گەلی مەزنی عێراق، بۆ بەرپرسانی حکومەتی عێراقیش کە ئاسایش و ژینگە و دۆخی گونجاویان بۆ سەردانەکە رەخساند، بەتایبەت رێز و دەستخۆشی بۆ زانایانی بەڕێز و مەرجەعە مەزنەکان لە عێراق، ئەوانەی کەشی گونجاویان بۆ ئەو سەردانە رەخساند و هەستی برایەتییان لەنێوان خەڵک و هەردوو گەل بڵاوکردەوە، بەڕاستی ئەوە شایستەی سوپاسگوزارییە".
 
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا نووسرابوو: "ئەی برایانی خۆشەویستی عێراقیی، لە کەژاوە بڵاوکراوەکانی سەر رێگەکان و مامەڵەی بەخشندەتان لەگەڵ سەردانیکارانی حوسێن سڵاوی خودای لەسەر بێت، لە جیهانی ئەمڕۆماندا وێنەی نییە، هەروەها خودی سەردانی چلە لەمێژوودا وێنەی نییە، دابینکردنی ئاسایشی دەیان ملیۆن کەس و سەلامەتییان ئەرکێکی مەزنە و تاکە لە جیهانی ئەمڕۆی نائاسایش. بە رەفتار و کردەوەکانتان جەختتان لە بەخشندەیی ئیسلامی و میواندۆستیی عەرەبیتان کردەوە، هەموو ئەوە لە خۆشەویستیی سەیدولشوهەداوەیە سڵاوی خودای لێبێت، ئەم خۆشەویستییەی حوسێنی کوڕی عەلی سڵاوی خودای لەسەربێت، تاکە لە جۆری خۆی، بەدرێژایی کات و شوێن وێنەی نییە، داوا لە خودای گەورە دەکەین دڵتان و دڵی ئێمە زیاتر و زیاتر بەو خۆشەویستییە ئاوەدانبکاتەوە، سوپاس بۆ خودا بازنەی راکێشکردن بەرەو ئەو خۆشەویستییە فراوان دەبێت، لە رووبەڕووبونەوەی داستانانە لە غەززە تا دەگاتە زۆر لە کۆمەڵگەکانی ناموسوڵمان".
 
لە کۆتایی نامەکەدا لە پاڵ مۆری خۆی، نووسیویەتی: "عەلی ئەلحوسەینی ئەلخامنەیی، سەفەری 1446".
 
گۆڕینەوەی دیاریی لە پەیوەندیی نێوان بەرپرسانی وڵاتاندا بە یەکێک لە نەریتەکانی دیپلۆماسییەت و جۆرێک لە پێشاندانی نزیکایەتی هەژمار دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی فیدراڵیی عێراق

دادگەی فیدراڵیی عێراق پشتیوانی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی راگەیاند

دادگەی فیدراڵیی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا پشتیوانی لە پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسی دەکات و دەڵێت، "دەستوور رێگەی بە گەلی عێراق داوە لە رێکخستنی کاروباری کەسییان بەپێی ئایین یان مەزهەب یان بیروباوەڕ بێت و نابێت ئەو مافە سنووردار یان قەدەخە بکرێت."