بەرپرسێکی ئەمریکا لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بۆ رووداو: هەنگاوی باش نراون

12-04-2024
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کردووە و هانیان داون پشتیوانی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکەن؛ لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش گوتی، هەنگاوی باش نراون و داوایان لێدەکەن لە گفتوگۆکانیان بەردەوام بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان. 
 
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، 11-4-2024، قسەی بۆ رووداو کرد و سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "قسەمان لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و هەوڵدەدەین هانیان بدەین کە پشتیوانی لە هەڵبژاردنەکە بکەن تاوەکو ئەو پڕۆسەیە بەڕێوەبچێت". 
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویست ناوی بهێندرێت، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و لێکتێگەیشتنەکانی ئەم دواییە گوتی، گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و هەرێمی کوردستان کردووە؛ گوتیشی، ''هەردوولا هەنگاویان ناوە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو پرسانەی ماوەیەکی زۆرە گفتوگۆیان لەسەر دەکەن.''
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو لێکتێگەیشتنەی ئێستا هاندەرانەیە و ئەمریکاش بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لە رێگەی باڵیۆزخانەکەیەوە بۆ هاندانی هەولێر و بەغدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان و داواش لە هەردوولا دەکات لە گفتوگۆکانیان بەردەوام بن تاوەکو چارەسەرێک بدۆزنەوە و بە ئاراستەی بنیادنانی سەقامگیری و ئاسایش لە عێراق و کوردستان هەنگاوبنێن". 
 
سەبارەت بە سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ واشنتن، ئەو بەرپرسەی ئەمریکا گوتی، گرنگە و " لە رۆژانی داهاتوودا میوانداری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین. محەممەد شیاع سوودانی ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی فراوانی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکا دەبێت، لە نێویاندا لەگەڵ سەرۆک بایدن". 
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، لەماوەی رابردوودا لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە کورد و شیعە و سوننە کۆبوونەتەوە و ''هەموو لایەنەکانیش گرنگی هەبوونی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان ئەمریکا و عێراقیان بۆ دەرکەوتووە.''
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە