prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، بۆردوومانەکانیان بۆ سەر حەشارگەکانی چەکدارانی داعش چڕکردووەتەوە و ئامانجیانە بنبڕیان بکەن.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12ـی شوباتی 2025) لیوا سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووەوە بۆردوومانەکانمان بۆ سەر شانە نووستووەکان و حەشارگەکانی چەکدارانی داعش لە سنووری سەلاحەدین، کەرکووک و ئەنبار چڕتر کردووەتەوە."
لیوا سەعد مەعن دەڵێت، "داعش ئێستا هیچ توانایەکی سەربازیی نەماوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانمان، بۆیە رێگەی خۆحەشاردان لە چیا و دۆڵەکان بەکاردەهێنن، هەوڵدەدەن لە هەلومەرجەکاندا جاروبار جموجۆڵیان هەبێت."
لەبارەی دوایین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ سەر چەکدارانی داعش، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی گوتی "لە 9ـی ئەم مانگە، بۆردوومانی چەند ناوچەیەکی سنووری کەرکووکمان کرد، توانیمان فەرماندەیەک بە ناوی حاجی عەواد و چەکدارێکی دیکە بە ناوی عەدنان خەلیل جەدعان بکوژین. ئەمڕۆش 5 چەکداری دیکەمان لە ئەشکەوتێکی باکووری ناوچەی راوەی سەر بە پارێزگای ئەنبار کوشت."
لیوا سەعد مەعن ئاماژەی بەوە دا، سەرجەم ئەو چەکدارانەی لەم دواییانەدا کوژراون، پشکنینی DNAـیان بۆ دەکرێت و دوای دڵنیابوونەوە لە ناسنامەکانیان، ناو و بەرپرسیاریێتییەکانیان لەنێو رێکخراوی داعش رادەگەیێنن.
سەبارەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ئۆپەراسیۆنەکاندا، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی روونیکردەوە، "بەشێکی ئۆپەراسیۆنەکانمان بە هاوئاهەنگییە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی. رۆژانەش لە رێگەی فڕۆکەی ئێف16 و درۆنەوە چاودێریی ناوچە گوماناوییەکان دەکەین و بەدوای مۆڵگەی چەکدارانی داعشدا دەگەڕێین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ