وەزیری دەرەوەی ئێران: تاران و بەغدا 15 یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن

11-09-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی سەردانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەو سەردانەدا 15 یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئێران و عێراق واژۆ دەکرێن.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە یەکەم سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی، ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئەیلوول گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا.
 
بڕیارە پزیشکیان جگە لە بەغدا، سەردانی هەولێر و سلێمانی بکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
 
لەبارەی سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان بۆ عێراق، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "هیوادارم ئەم سەردانە زیاتر پەرە بە پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوان هەردوو وڵات بدات و هاوکارییەکانی نێوان ئێمە و عێراق بباتە قۆناخێکی نوێوە."
 
عەباس عێراقچی گوتی، لە سەردانەکەدا نزیکەی 15 یاداشتی لێکتێگەیشتن ئامادەکراون بۆ واژۆکردن لەنێوان هەردوو وڵات.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران خۆشحاڵی خۆی بە پەیوەندییە بەرفراوانەکانی نێوان هەردوو وڵات دەربڕی و رایگەیاند، "زەمینەی زۆرمان هەیە بۆ هاوکاری لە بوارەکانی سیاسی، ناوچەیی، ئابووری و جەماوەری کە مژاری چلە و مەزارگەکانمان هەیە، هەروەها لە بواری ئەمنیدا کە رێککەوتنێکی ئەمنیمان لەگەڵ عێراق هەیە. مژاری ژینگەییشمان هەیە."
 
عەباس عێراقچی جەختی لەوەش کردەەوە، پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق بە درێژایی مێژوو هەوراز و نشێوی زۆری هەبووە، بەڵام ئێستا سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات سنووری ئاشتین و سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق یارمەتیدەر دەبێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
 
گوتیشی، بڕیار بوو ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران سەردانەکە بکات، بەڵام بەهۆی رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە و گیانلەدەستدانی رەئیسی، سەردانەکە نەکرا.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ لە یەکەمین سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵات، سەردانی عێراقی کرد. پزیشکیان پێش بەڕێکەوتنی بۆ عێراق، لە فڕۆکەخانەی مێهرئاباد لە تاران قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی: "لەم گەشتەدا سەردانی شارە شیعە نشینەکان و بەسرە هەروەها شارە کوردییەکان، هەولێر و سلێمانی دەکەین و بە پشتیوانی خودا لەگەڵ خۆشەویستانی ئەوێ کۆدەبینەوە." 
 
عێراق و هەرێمی کوردستان دەبنە یەکەمین وێستگەی سەردانەکانی پزیشکیان بۆ دەرەوەی وڵات، دوای سوێندخواردنی وەکو سەرۆککۆمار لە 30ی تەممووزی ئەم ساڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک ئاماژەیە بۆ جیابوونەوە

لە 8 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە 48 هەزار هاوژین لە عێراق جیابوونەتەوە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، مانگی رابردوو زیاتر لە 16 هەزار 600 گرێبەستی هاوسەرگیری کراون و زیاتر لە 5 هەزار و 400 جیابوونەوەش هەبووە. لە 8 مانگی رابردووشدا زیاتر لە 200 هەزار هاوسەرگیری و 48 هەزار جیابوونەوە تۆمار کراون.