رووداو دیجیتاڵ
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا پەیوەندییەکی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدا. ئۆستن بە سوودانی راگەیاندووە کە "ئەمریکا مافی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی هەیە کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێنە سەری."
رۆژی شەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2023، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لۆید ئۆستن لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی جەختیان لە "گرنگی پاراستنی" سەرباز و کارمەندە ئەمریکییەکان لە عێراق کردووەتەوە.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە بەغدا و هەموو ئەو هێرشانە کرد کە لە عێراقەوە دەکرێنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان. لە راگەیێندراوەکەی پات رایدەردا هاتووە، "ئەمریکا مافی ئەوەی هەیە کە وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە کە دەکرێنە سەر سەرباز و کارمەندە ئەمریکییەکان."
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی بە ژمارەیەک مووشەک هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی هەبێت. باڵیۆزخانەکە هێرشەکەی خستە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران و داوای لە حکومەتی عێراق کرد لێکۆڵینەوە بکات.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، "گرووپە چەکدارەکانی وەکو کەتائیبی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن بەرپرسی زۆربەی ئەو هێرشانەن کە دەکرێنە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان."
پێنتاگۆن دەشڵێت: "هەڕەشە و هێرشەکانی کە دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان سەروەری و سەقامگیریی عێراق تێکدەدەن و مەترسی دەخەنە سەر سەلامەتی هاووڵاتییانی سڤیلی عێراق و هەڵمەتی شکستپێهێنانی رێکخراوی داعش."
شەوی پێنجشەممە، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاندبوو، لە 17ی تشرینی یەکەمەوە 78 هێرش بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا؛ 37یان لە عێراق و 41یان لە سووریا، کە بە هۆیانەوە زیاتر لە 60 سەرباز و راوێژکاری ئەمریکی بە سووکی برینداربوون؛ هەروەها بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق، بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا، ئەوەش لە کاتی لێدرانی زەنگی هۆشداریی هەبوونی هێرش و راکردن بۆ پەناگەکان.
لەو کاتەوەی لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگ لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا لە کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، شەپۆلێک لە گرژی ناوچەکەی گرتووەتەوە، لەنێویاندا هێرشی گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا؛ هەروەها هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور کە پێیانوایە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە.
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی لە زۆربەی ئەو هێرشانە دەربڕیوە، کە کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا جێگیرکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ