رووداو-ئاژانسەکان
دەستەی چەکدارانی حەشدی شەعبی شیعە لە عێراق رایگەیاند 60% پاڵاوگەی بێجی لە دەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق وحەشدی شەعبی دایە.
کەریم نوری، گوتەبێژی دەستەی چەکدارانی حەشدی شەعبی راشیگەیاند:"60% پاڵاوگەی بێجی لە دەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق وحەشدی شەعبی دایە و ئەو هێزانە لە پێشڕەویدان، چونکە داعش ناتوانێ ناوچەکە کۆنترۆڵ بکات".
گوتەبێژی چەکدارانی حەشدی شەعبی لەبارەی دەستپێکردنی پرۆسەی گرتنەوەی شارۆچکەی بێجی وپاڵاوگەی بێجی لە باکووری شاری تکریت ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدینیش، گوتی "ئەو دەمەی پلان دادەڕێژین هەموو هۆکانی سەرکەوتن و جەنگ بەدەستدێنین وهەموو ئەگەرەکان لە ئارادان، لە چەند قۆڵێکەوە داعش تووشی سوپرایز دەکەین".
جەنراڵ مارتن دێمبسی-یش، سەرۆکی دەستەی سوپاسالارانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی رایگەیاند:"هێزەکانی ئەمریکا هەوڵی کەمکردنەوەی فشاری سەر هێزەکانی عێراق دەدەن لە پاڵاوگەی بێجی، بۆیە لە رۆژی سێشەمەی رابردووەوە 26 هێرشی ئاسمانیمان ئەنجامداوە و18 کاروانی پێداویستیشمان بۆ هێزەکانی عێراق لە نێو پاڵاوگەی بێجی بەرداوەتەوە".
مارتن دێمبسی گوتیشی "بێجی بەشیکی گرنگی ژێرخانی کەرتی نەوتە لە عێراق و گرنگە، چونکە دەکەوێتە سەر رێگەی کەرکووک-موسڵ کە لە بندەستی تیرۆریستانی داعشدایە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ