دوای زیاتر لە 33 ساڵ یەکەم ئۆتۆمبێل لە عێراقەوە بە تابلۆی هەولێر دەچێتە کوێت

08-09-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای زیاتر لە 33 ساڵ، یەکەم ئۆتۆمبێل لە عێراقەوە بە تابلۆی هەولێر دەچێتە کوێت، ئۆتۆمبێلەکە جێبێکی رەنگ پرتەقاڵییە، خاوەنەکەی ئافرەتێکە. 
 
د. ئەحمەد مبرقەع، وەزیری لاوان و وەرزشی عێراق لەگەڵ باڵیۆزی عێراق لە کوێت، سەرپەرشتی چوونی یەکەم ئۆتۆمبێل دەکەن لە عێراقەوە بۆ کوێت. ئۆتۆمبێلەکەش تابلۆکەی هەولێرە.
 
لە ڤیدیۆیەکدا، وەزیری لاوان و وەرزشی عێراق دەڵێت، دوای 33 ساڵ، هاندەرێکی هەڵبژاردەی عێراق بەناوی ئەسین، وەک یەکەم هاندەر و یەکەم ژنە عێراقی بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی دەچێتە کوێت.
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، پشتیوان بە خودا ئاسانکاریی زیاتر دەبێ. ئەوەش ئاماژەیە بۆ هەموو هاندەران کە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان دەچنە کوێت.
 
ژنە شۆفێرەکەش ستایشی دەروازەی سنووریی کوێت دەکات و دەڵێت، ئاسانکاریی زۆر باشیان بۆ کراوە.
 
مەنهەل سافی، باڵیۆزی عێراق لە کوێت سوپاسی دەوڵەتی کوێت دەکات و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "دوای زیاتر لە 33 ساڵ، یەکەم ئۆتۆمبێلی عێراقی چووە نێو دەوڵەتی کوێتی برا، کە خاوەنەکەی ئافرەتێکی عێراقییە، ئامادەی یاری تۆپی پێی نێوان هەڵبژاردەی عێراق و کوێتی برا دەبێت."
 
لە چوارچێوەی یارییەکانی پاڵاوتنی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە جامی جیهانی، بڕیارە رۆژی سێشەممە لە کوێت، هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق رووبەڕووی هەڵبژاردەی کوێت ببێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە یەکەم یاریی خۆیدا، هەڵبژاردەی عێراق بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی عومانی بردەوە بە کۆکردنەوەی سێ خاڵ لە سەرووی کۆمەڵەکەیەوە.
 
لە ئابی ساڵی 1990 عێراق کوێتی داگیرکرد. دواتر هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە شوباتی 1991 سوپای عێراقیان لە کوێت دەرکرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە