رووداو دیجیتاڵ
هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان پەسند نەکراوە، بەڵام لە کەرکووک، لەم هەفتەیەوە لایەنەکان دەست بە سەردان و کۆبوونەوە دەکەن بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو عەرەب و تورکمان لە کەرکووک لەسەر ناوی پارێزگار رێککەوتوون.
یەکێتی لیژنەیەکی لە ئاستی مەکتەبی سیاسیی کەرکووک دروستکردووە و، بڕیارە یەکەم کۆبوونەوە و سەردانی بۆ لای پارتی بێت، بەو ئامانجەی کورسییەکانیان لە ئەنجوومەنی پارێزگە یەکبخەن.
چوار بەربژێری دەرچووی یەکێتی لەکاتی بەسەرکردنەوەی خێوەتی مانگرتووان، رێککەوتنی کوردییان لە نێوخۆ، بە پێویست زانی بەرلەوەی بچنە سەردانی پێکهاتەکانی دیکە.
رێبوار تەها، بەربژێری سەرکەوتووی یەکێتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک بە رووداوی گوت "لیژنەیەکی تایبەت دەبێت لە لایەن مەکتەبی سیاسی بۆ ئەو کۆبوونەوانە، بەڵام هەنگاوی یەکەممان گفتوگۆی کوردی - کوردی دەبێت."
عەرەب و تورکمان لە کەرکووک لەسەر ناوی پارێزگار رێککەوتوون
عەرەب کە لەماوەی رابردوودا هەر سێ لیستەکەیان یەکخست، بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکمان کەوتوونەتە گفتوگۆ و، بەپێی زانیارییەکانی رووداو لەسەر ناوی خالید موفرەجی رێککەوتوون، کە بۆ پۆستی پارێزگار بیخەنە بەردەم لایەنەکانی دیکە.
رەعد ساڵح، بەربژێری سەرکەوتووی هاوپەیمانیی قیادە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک دەڵێ "ئێمە وەک عەرەب چاومان لە پۆستی پارێزگارە بۆ عەرەبێک لە ئیدارەکە، تاوەکو بتوانین بەردەوامی بە ئاوەدانکردنەوە و جوانکردنی پارێزگەکە بدەین، بەبێ جیاکاریی نەتەوەیی و تائیفی لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووک."
بەرەی تورکمانی، کە بە دوو کورسییەوە چاویان لە پۆستی پارێزگارە، زیاتر لە عەرەب نزیکن، رووداو زانیویەتی هاوپەیمانیی عەرەبی بەسەرۆکایەتیی راکان جبووری وەرەقەی بەرەی تورکمانیان پەسەندکردووە کە دوو ساڵی یەکەم پۆستی پارێزگاریان بدەنێ و، دوو ساڵی دواتریش بۆ عەرەب بێت.
تورکش عیزەدین، ئەندامی سەرکردایەتیی بەرەی تورکمانی بە رووداوی گوت "هەندێک هاوتێگەیشتن لەنێوان پێکهاتەی عەرەبی و تورکمانی دروست بووە، تێگەیشتنی فەرمی نییە، چونکە وەک دەزانن لەنێو فراکسیۆنی عەرەبی سێ لیست هەن، لەوانەیە یەکێک لە کەسایەتییەکان یان لیستەکان ناڕازی بن، بەڵام بەگشتی ئەو وێنەیەی ئێستا هەیە ئەوەیە؛ پۆستی پارێزگار دوو ساڵ بە دوو ساڵ لەنێوان ئەو دوو پێکهاتە جیاوازەدا ئاڵوگۆڕبکرێت و ئەنجوومەنی پارێزگاش رادەستی پێکهاتەی سێیەم بکرێت."
تائێستا دوو سیناریۆ بۆ پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگا هەن یەکەم هاوپەیمانیی عەرەبی، قیادە و تورکمان لەگەڵ پارتی رێکبکەون، کە کۆی کورسییەکانیان دەگاتە نۆ کورسی، دووەم هەریەک لە یەکێتی، کورسییەکی کۆتای مەسیحی، عرووبە و بەرەی تورکمانی، کە کۆی کورسییەکانیان دەگاتە نۆ کورسی و ئیدارەی پارێزگا بەڕێوەببەن، بەمەش پۆستی پارێزگار بەشێوەی دەوری لەدەستیان ئاڵوگۆڕی پێبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ