رووداو ـ هەولێر
جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، هیچ كەسێك ناتوانێ حەشدی شەعبی هەڵوەشێنێتەوە، چونكە بە فەتوای مەرجەعی ئایینی دامەزراوە.
لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتیی یەكێتی رادیۆ و تەلەڤزیۆنەكانی ئێران، كە لە شاری مەشهەد لە باكووری رۆژئاوای ئێران بەڕێوەدەچێت، ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی باڵای حەشدی شەعبی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لە دوای شەڕی موسڵ گوتی "ئەوە روونادات ئەگەر سەرۆكی حكومەتیش واژۆى بكات، ئەگەر رووشبدات جارێكی دیكە كۆدەبینەوە، هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی تاوانێكی گەورەیە، چونكە بزووتنەوەی ئومەتێكە و بە فەتوای مەرجەعی ئایینی دامەزراوە".
ئەبومەهدی موهەندیس گوتیشی "حەشدی شەعبی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بەشداری ناكات، بەڵام چەندین پارتی سیاسی هەن لەریزەكانی حەشدن و لە پڕۆسەی سیاسیش بەشدارن، ئەوان بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەكەن".
ئەو بەرپرسە باڵایەی حەشدی شەعبی دەڵێت "بەهەموو هێزێكمانەوە دژایەتی بڵاوبوونەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سنووری نێوان عێراق ـ سووریا دەكەین. ئەمریكییەكان دەیانەوێ رێگەی نێوان عەممان ـ بەغدا كۆنترۆڵبكەن، بۆ ئەم مەبەستەش سیستەمێكی موشەكی زەمین بە زەمینیان دامەزراندووە. بەهەموو هێزێكمانەوە رێگری لە جێبەجێكردنی پلانی ئەمریكا بۆ كۆنترۆڵكردنی سنووری نێوان عێراق ـ سووریا دەكەین، ئەوان ئێمە بە كردنەوەى رێگەى نێوان دیمەشق ـ بەغدا تۆمەتبار دەكەن، ئەو رێگەیە كۆنترۆڵ دەكەین و ئەمریكاش هیچ پەیوەندی بەو پرسەوە نییە".
ئەبومەهدی موهەندیس ئاشکرایدەکات "ئەگەر پشتگیری ئێران و حیزبوڵڵا نەبوایە، كە هاتنە نێو عێراق و راستەخۆ پشتگیری حەشدیان كرد، ئەمڕۆ نەدەگەیشتینە ئەو دەستكەوتانە".
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ