عێراق 50 بەندکراوی داعش لە رۆژئاوای کوردستان دەگەڕێنێتەوە

04-06-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عێراق نزیکەی 50 ئەندامی پێشووی رێکخراوی داعش و 168 کەسی دیکە لە خێزانی ئەو ئەندامانەی داعشی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان وەرگرتەوە.

رۆژی یەکشەممە، 4-6-2023، بەرپرسێکی عێراقی کە ناوەکەی ئاشکرانەکراوە بە میدیای فەرەنسی راگەیاندووە، 50 ئەندامی دەستبەسەرکراوی داعش و 168 دانیشتووی کەمپی هۆل دەگەڕێننەوە عێراق.
 
بەگوێرەی روانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ، ئەو ئەندامانەی پێشووی داعش لە حەسەکە دەستگیرکراون. هەروەها 168 خێزان و کەسوکاری داعش لە کەمپی هۆلەوە بۆ کەمپی جەدعە لە موسڵ دەگوێزرێنەوە. ئەو بەرپرسە عێراقییە باسی لەوەشکردووە، تەواوی ئەوانەی گەڕێندراونەتەوە چارەسەری دەروونیان وەرگرتووە.
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات لە 2019دا بە تەواوەتی چەکدارانی داعشیان تێکشاند و ئەو ناوچانەیان کۆنتڕۆڵکردنەوە کە داعش گرتبوونی.
 
بەگوێرەی واشنتن ئینستیتیوت، 10 هەزار ئەندامی ئەو رێکخراوەیان دەستگیرکرد و ئێستا لە زیندانەکانی حەسەکەدا دەستبەسەرن. هەروەها نزیکەی 50 هەزار لە کەسوکار و خێزانی ئەندامانی پێشووی رێکخراوی داعشیان لە کەمپی هۆلدا داناوە، کە 10 هەزاریان عێراقین.
 
ئاداری ئەمساڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای پەلەکردنی گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی کرد لە کەمپی هۆل نیشتەجێن بۆ وڵاتەکانی خۆیان. گۆتێرێز باسی لەوەشکرد، نزیکەی نیوەی دانیشتووانی کامپەکە منداڵی خوار 12 ساڵن کە لە هەموو مافێک بێبەشن و دۆخیان لەوپەڕی خراپی و سنوورداریدایە.
 
گۆتێرێز هەروەها گوتی، "هیچ گومانێکم نییە بڵێم خراپترین کامپ کە هەیە لە جیهانی ئەمڕۆدا، هۆلە، کە خراپترین دۆخی ژیان و ئازارێکی زۆری بۆ ئەو خەڵکە تێدایە کە چەندین ساڵە لەوێدا بەگیرماون."
 
لە دوای ساڵی 2021ـەوە گێڕانەوەی دانیشتووانی کەمپی هۆل بۆ عێراق دەستیپێکردووە و تائێستا سەدان خێزان لە هۆلی رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێنراونەتەوە کەمپی جەدعە لە موسڵ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سوودانى: مەترسییەکانمان لەسەر عێراق دوورخستنەوە

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: حکومەتەکەى توانیویەتى مەترسییەکان لەسەر عێراق دوور بخاتەوە و داواى لە فەرماندە سەربازییەکانى نەینەوا کرد، جگە لە پیشەیی بوون مامەڵە بەهیچ پێوەرێکى دیکە نەکەن لە دابەشکردنى بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکاندا.