دانەوێڵەی عێراق: کۆی بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ دەگاتە نزیکەی 8 ملیۆن تۆن

04-04-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق دەڵێت، کۆی بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵی عێراق بەوەی لە ساڵی رابردووش ماوەتە دەگاتە نزیکەی 8 ملیۆن تۆن و کۆگەکانی عێراقیش بەشی هەڵگرتنی زیاتر لە 6 ملیۆن تۆن ناکەن.
 
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، هاوشێوەی وەرزی پێشوو، ئاڕاستەیەکی گەورە لە لایەن حکومەتەوە هەیە بۆ پشتیوانیکردنی وەرزی درووێنەی گەنمی ئەم ساڵیش.
 
وەک گەرعاوی دەڵێت، "ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنمی عێراق 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆن بوو، بەوەش عێراق لە گەنم گەیشتە ئاستی خۆبژێوی، بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش، ئەم ساڵ دەگاتە زیاتر لە 6 ملیۆن تۆن."
 
گەرعاوی باسی لەوەشکرد، "محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بە بەبازاڕکردنی گەنم رێکخستووە و وەزارەتی دارایی راسپاردووە بە دابینکردنی بڕی پارەی پێویست بۆ بەبازاڕکردنی گەنم، ئەوەش لە رێگەی تەرخانکردنی کۆگە بۆ کۆمپانیای گشتی بازرگانیی دانەوێڵە و گرنگیدان بە جووتیاران."
 
حەیدەر نووری دەشڵێت، "هەموو جووتیاران شایستە داراییەکانیان وەردەگرن، بە جووتیارانی دەرەوەی پلانی تەرخانکراویشەوە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی جووتیاران پارەیەکی زۆریان داوە خەرجکردووە لە بەرهەمهێنانی گەنم."
 
بەڕێوەبەرە گشتییەکە باسی لەوەشکرد، "نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار تۆن گەنمی وەرزی رابردوو ماوەتەوە و دەخرێتە سەر وەرزی بەبازاڕکردنی ئەم ساڵ، بەوەش کۆی بەرهەمی گەنمی بەردەستی ئەم ساڵ دەگاتە نزیکەی 7 ملیۆن و 800 هەزار تۆن".
 
وەک گەرعاوی دەڵێت، ئەم بڕە زۆرە پێویستی بە کۆگەی گەورەش هەیە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆگەکانمان بەشی هەڵگرتنی زیاتر لە 6 ملیۆن تۆن ناکەن، بەتایبەتیش کە ملیۆنێک و 500 هەزار بۆ دوو ملیۆن تۆنی دیکەشی دێتە سەر [بەرهەمی وەرزی رابردوو]".
 
گوتیشی، "هەڵگرتنی ئەو بڕە زۆرە پێویستی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگارەکان هەیە." 
 
رۆژی چوارشەممە، 3ی نیسانی 2024، محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان سنووردارە، هەروەک چۆن ساڵی رابردوو بە رێککەوتنی هەردوولا 500 هەزار تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیرا.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، 2ی نیسانی 2024دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازی عەباس مالیکی، وەزیری کشتوکاڵی عێراقی پەسند کرد بەوەی هەموو گەنمی ئەم ساڵ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی وەربگرێت، تەنانەت ئەوەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی ئەم وەرزەیشدایە.
 
سەبارەت بەوەی ئەم ساڵ هاوشێوەی ناوچەکانی عێراق هەموو گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی، رێککەوتن لەنێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی و وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێکخستنی پڕۆسەی رادەستکردنی گەنم بە وەزارەتی بازرگانی عێراق هەیە و بە رێککەوتنی هەردوولا بڕی ئەو گەنمە دیاری دەکرێت کە وەردەگیرێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، پێش دەستپێکردنی وەرزی وەرگرتنی گەنمی ئەم ساڵ، تیمی هاوبەشی هەولێر و بەغدا کۆدەبنەوە و بڕیار لەسەر بڕەکەی دەدەن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سوودانی و پارێزگاری نەینەوا

سوودانی گەیشتە نەینەوا

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە پارێزگای نەینەوا. ژمارەیەک پڕۆژە دەکاتەوە و لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاکەش کۆدەبێتەوە.