رووداو - بەغدا
لایەنگرانی سەدر لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق لە نوێژی هەینیدا واژۆیان بۆ ئەو هەڵمەتە کۆکردەوە کە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دژی هاوڕەگەزخوازی رایگەیاندووە. ئەوان داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای هاوڕەگەخوازی لەو وڵاتانە دەکەن کە پشتگیریی ئەو پرسە دەکەن.
سەید ئیبراهیم جابری، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەدر لە بەغدا بە رووداوی گوت، "ئەگەر لە ئەوروپا و وڵاتانی دیکە ئەمە ئازادی بێت، ئەوا لە وڵاتانی ئیسلامی ئەم جۆرە ئازادییانە بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە. ئەمانە کاری شەیتانن و قەدەخەکراون لە قورئان و سوننەتی پێغەمبەرمان، ئەم فۆرمەش کە دابەشکراوە لەسەر داوای سەماحەتی سەید موقتەدا سەدرە، پشتیوان بەخوا یەک ملیۆن واژۆ کۆدەکرێتەوە دژی هاوڕەگەزخوازان."
لە یەکەم رۆژی هەڵمەتەکەدا تەنیا لە مەدینە سەدری بەغدا لە کاتی نوێژی هەینیدا، زیاتر لە سێ هەزار واژۆ کۆکرایەوە. ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت تاوەکو یەک ملیۆن واژۆ کۆدەکرێتەوە. سەدرییەکان دەڵێن، بە تووندی دژی هاوڕەگەزخوازان دەوەستنەوە و ئەمەی دەیکەن پەیامێکی تووندە بۆ ئەو وڵاتانەی ماف بە هاوڕەگەزخوازان دەدەن.
شێخ عەدنان غەراوی، لایەنگری سەدر دەڵێت، "پشتیوانی لەو هەڵمەتە دەکەین کە بۆ دژایەتیکردنی هاوڕەگەزخوازانە کە بەشێک لە جادووکەرەکان دەستیان داوەتێ. ئێمە دژیان دەوەستینەوە بە قسە و بە کرداریش."
ریاز خەڵەف، لایەنگرێکی دیکەی رەوتی سەدر باس لەوە دەکات، "سەید [موقتەدا سەدر] پێداگری لە پاراستنی کۆمەڵگەی عێراقی دەکات لە تووشبوون بە بەڵا. دەزانی بەڵا چییە؟ گەورەیە لای خودا، هەندێک کار هەیە لە کۆمەڵگە بیکات وەک ئەم هاوڕگەزخوازییە، سزاکەی لە دنیا وەردەگرێت پێش قیامەت، بۆیە ئەمەی ئێستا لەو سزایانەیە کە گەیشتووەتە وڵاتان، بۆیە سەید موقتەدا دەیەوێت رزگارمان بکات لە کۆمەڵگەی عێراقی."
هاوڕەگەزخوازی بووەتە پرسێکی جیهانی و زۆربەی وڵاتە ئەوروپی و ئەمریکییەکان مافیان پێداون، بە جۆرێک ئێستا زیاتر لە 30وڵاتی جیهان رێگە بە هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ