رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی واشنتن دەکات و بەشداری لە کۆبوونەوەکانی وڵاتانی هاوبەش لەگەڵ رێکخراوی ناتۆ دەکات کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە واشنتن بەڕێوەبچن.
سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ رووداوی پشتڕاستکردەوە کە هەفتەی داهاتوو، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی واشنتنی پایتەختی ئەمریکا دەکات.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو، لە 9 بۆ 11ـی تەممووزی 2024 لووتکەی رێکخراوی ناتۆ لە واشنتن بەڕێوەبچێت و سەرجەم ئەندامانی رێکخراوی ناتۆ کە 32 ئەندامن، لەنێویاندا ئەندامە نوێیەکان، بەشداریی تێدا بکەن.
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی بەشداریکردنی وڵاتانی دیکە لە لووتکەی ناتۆ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "چاوەڕێی ئەوە دەکەم وڵاتانی دیکەی میوان کە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ نین، بەشداری لە لووتکەکەدا بکەن، بەڵام نامەوێت پێش لووتکەکە بکەوم."
عێراق ئەندامی ناتۆ نییە، بەڵام پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی ناتۆدا هەیە و بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە بە وڵاتانی هاوبەشی ناتۆ ناسراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ