USAID: ئەم ساڵ زیاتر لە 114 ملیۆن دۆلار هاوکاریمان پێشکێش بە عێراق کردووە

01-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی رایدەگەیێنێت، لە ساڵی 2023دا زیاتر لە 114 ملیۆن دۆلاری پێشکەش بە عێراق کردووە.
 
رۆژی 30ـی تشرینی دووەمی 2023، ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی ئەو هاوکارییانەی کردووە کە لە ساڵی 2023دا پێشکێش بە عێراقی کردووە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ناسراو (USAID)، ئەو هاوکارییەی کە ئاژانسەکە پێشکێش بە عێراقی کردووە لە یارمەتیدانی ئاوارەکان، هاوکاریکردنی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانی خۆیان و کەمکردکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کە بووەتە هۆی ئەوەی خەڵكێکی زۆر لە باشووری عێڕاق ئاوارە ببن، خەرجکردووە.
 
ئاوارەکان ژیانێکی ناشایستەیان هەیە
 
بەگوێرەی USAID لەنێوان نیسان و ئابی ئەم ساڵدا نزیکەی چوار هەزار و 200 کەس لە پارێزگای نەینەوا ئاوارە بوون، کە 90%ـی ئێزدی بوون.
 
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ ناسراو بە (IOM) لە راپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەکات، "ئاوارەکان رووبەڕووی گرژی کۆمەڵایەتی بوونەتەوە و لە سۆشیاڵ میدیادا چەند گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە، کە تێیدا داوا دەکرێت هێرش بکرێتە سەر ئێزدییەکان لە کەمپی ئاوارەکان".
 
بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، 77%ـی ئاوارەکانی پارێزگای نەینەوا گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان و 23%شیان بە ئاوارەیی ماونەتەوە، هەروەها رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەشڵێت، 85%ـی ئەو ئاوارانەی کە گەڕاونەتەوە پارێزگای نەینەوا لە کەمپەکانی زاخۆ و سێمێل بوون. 
 
هەر لە راپۆرتەکەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیدا هاتووە، تاوەکو 31ـی ئابی ئەم ساڵ پارێزگای نەینەوا زۆرترین خەڵک تێیدا ئاوارە بوون، هەروەها ئەو ئاوارەبووانەشی کە گەڕاونەتەوە پارێزگای نەینەوا بەراورد بەو کەسانەی کە ئاوارەی دەرەوەی پارێزگاکە بوون، ژیانێکی باشتریان هەیە.
 
هاوئاهەنگی نێوان حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان
 
ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی باسی ئەوەشیکردووە، لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵەوە حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پلانێکیان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دەستپێکردووە کە تەنیا لە هەرێمی کوردستان 650 هەزار ئاوارە لە خۆدەگرێت، کە لە 25 کەمپی هەرێمی کوردستان جێگیر بوون. 
 
دەشڵێت لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2014وە نزیکەی پێنج ملیۆن کەس ئاوارە بوون و نزیکەی پێنج ملیۆن کەسیان تاوەکو ئابی ساڵی 2023 گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
 
ئاژانسەکە ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی عێراق هانی ئاوارەکانی داوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و دەشڵێت، "داخستنی بەشێک لە کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی دووبارە خەڵکی کەمپەکان ئاوارە ببن".
 
گۆڕانکاری کەشوهەوا و ئاوارەبوونی خەڵک
 
سەبارەت بە ئاوارەبوون بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، لە راپۆرتەکەدا روونکراوەتەوە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ 14 هەزار خێزان کە نزیکەی 83 هەزار کەس دەبن ناوچەکانی خۆیان لە 10 پارێزگای باشووری عێراق بەجێهێشتووە و تەنیا لە ماوەی ناوەڕاستی ئاداری 2023 تاوەکو ناوەڕاستی حوزەیرانی 2023 ژمارەی ئەو کەسانەی بەو هۆیەوە ئاوارەبوون 10 هەزار کەس بوون.
 
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات، "نزیکەی 77%ـی ئاوارەکان بەرەو ناو شارەکان کۆچیان کردووە و زۆربەیان لە پەناگە نافەرمییەکان نیشتەجێبوون و دەستیان بە خزمەتگوزارییەکان ناگات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە